مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە چواره‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چواره‌مین ساڵیادی كۆچی مام جه‌لال پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، به‌ڵێن دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ ھه‌میشه‌، ته‌گبیری ژیرانه‌ ‌و پشودرێژی شۆڕشگێرانه‌ی مام جەلال بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌یی ‌و پاراستنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی كوردایه‌تی ‌و دیموكراتی له‌ وڵاتدا.

لە پەیامەكەیدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، “مام جه‌لال خاوه‌نی دونیابینی شۆڕشگێری ‌و پێشبینی ڕاست ‌و دروستبوو، ھه‌میشه‌ش ئه‌م توانا ‌و به‌ھره‌ مه‌زنانه‌ی خۆی ده‌خسته‌ خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای كوردایه‌تی”.

ئەوەشهاتووە، “له‌م ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ی ساڵرۆژی كۆچی مامدا به‌ڵێن دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ ھه‌میشه‌ سایه‌ی شكۆمه‌ندی، بیری وردی، ته‌گبیری ژیرانه‌ ‌و پشودرێژی شۆڕشگێرانه‌ی بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌یی ‌و پاراستنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی كوردایه‌تی ‌و دیموكراتی له‌ وڵاتدا، تا دروشمه‌ ڕاست و ڕه‌واكه‌ی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین) به‌ ته‌واوی دێته‌ دی”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

ڕاگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

بۆ چواره‌مین ساڵرۆژی ماڵئاوایی شكۆی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال

چوار ساڵ به‌سه‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی سایه‌ی شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ ‌و نیشتمان، رابه‌ری شۆڕشی نوێ ھه‌ڤاڵ مام جه‌لال تێپه‌ڕ ده‌بێت.

یه‌كێتییه‌كان، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، گه‌لانی عێراق، دۆستانی ئازادی ‌و دیموكراتی ‌و فیدراڵیش له‌ ته‌واوی جیھاندا به‌ ڕێز ‌و نه‌وازشه‌وه‌ ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ‌و له‌ مانا قوڵه‌كانی ڕاده‌مێنن.

سه‌رۆك مام جه‌لال ھه‌ر به‌ ته‌نھا سكرتێری گشتی یه‌كێتی ‌و سه‌رۆكی حزبێكی سیاسیی كوردستانی نه‌بوو، به‌ڵكو ڕابه‌ری شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان ‌و سه‌ركرده‌ی تێكۆشانی گه‌لی كورد بوو له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ‌و ستوونێكی پته‌وی دیموكراتیزه‌كردنی عێراق ‌و رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و جیھانیش بوو.

مام جه‌لال له‌ ته‌مه‌نی پڕ به‌ره‌كه‌تی تێكۆشانی فیكری، سیاسی، پێشمه‌رگایه‌تی، دیبلۆماسی ‌و خه‌باتی ھه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆیدا نموونه‌ی سه‌ركرده‌ ‌و سه‌ركۆمار ‌و خه‌باتگێری ڕه‌سه‌ن بوو كه‌ له‌ ھه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا به‌ وره‌ی به‌رز ‌و پۆڵایینی كوردانه‌وه‌، خاوه‌نی دونیابینی شۆڕشگێری ‌و پێشبینی ڕاست ‌و دروست بوو، ھه‌میشه‌ش ئه‌م توانا ‌و به‌ھره‌ مه‌زنانه‌ی خۆی ده‌خسته‌ خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای كوردایه‌تی، گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ‌و مه‌سه‌له‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی ‌و دیموكراتیزه‌كردنی وڵات ‌و گه‌شه‌پێدانییه‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا وێنه‌ی شۆڕشگێرێكی خۆڕاگر ‌و كۆڵنه‌ده‌ر، بیرمه‌ندێكی واقیع بینی واقیع گۆر بوو، له‌ ڕاڕه‌وه‌كانی حزبایه‌تی، دیپلۆماسی كوردستانی ‌و عێراقی ‌و جیھانیشدا پشوو درێژ ‌و به‌ ته‌گبیر و خاوه‌ن سه‌بری شۆڕشگێری به‌رپرسیارانه‌ بوو.

ئه‌و له‌ یه‌ك كاتدا سه‌ركرده‌ی پاراستنی پره‌نسیبه‌ نیشتمانی ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ‌و فیگه‌ری پاراستنی ئازادی ڕاده‌ربڕین ‌و سه‌ربه‌رستییه‌ گشتییه‌كان بوو، دژی سته‌م ‌و داگیركاری ‌و چه‌وسانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وایه‌تی ، ئاینی ‌و مه‌زھه‌بی بوو، له‌گه‌ڵ ئاشتی ‌و ئازادی ‌و برایه‌تی میلله‌تان بوو، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی ‌و به‌رژه‌وه‌ندی ھاوبه‌ش، بێ ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وان ‌و بۆ رزگاری نیشتمانی كوردستان شۆڕشی به‌رپا كرد ‌و سه‌ری خست ‌و گه‌یاندییه‌ ئامانجی سه‌ركه‌وتن.

له‌مڕۆشدا… كوردستانی ئازاد ‌و عێراقێكی دیموكرات ‌و فیدراڵ كه‌ خاوه‌نی سه‌روه‌ری ‌و نه‌خشه‌رێگای ده‌ستووری خۆیه‌تی، به‌ری ڕه‌نجی تێكۆشانی سیاسیی ‌و ئه‌ندێشه‌ی فیكر ‌و سیاسیی مام جه‌لال و باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی تری دیموكراتیزه‌كردنی عێراق ‌و كوردستانه‌.

ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ‌و وه‌ك خه‌ڵكی كوردستانیش كه‌ چواره‌مین ساڵڕۆژی سه‌ركرده‌ی نه‌مر ‌و جاویدانی گه‌له‌كه‌مان به‌رز ڕاده‌گرین، به‌ ھه‌ستی به‌رز ‌و شانازی زۆره‌وه‌ له‌م شاخه‌ به‌رزه‌ی كوردستان، له‌م ڕووباره‌ مه‌زنه‌ی خێر ‌و ئاوه‌دانی كه‌ له‌ فه‌رھه‌نگی سیاسه‌تدا ناوی مام جه‌لاله‌، ده‌ڕوانین ‌و تین‌ وتاوی درێژه‌پێدانی خه‌باتی ره‌وای لێوه‌رده‌گرین.

له‌م ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ی ساڵرۆژی كۆچی مامدا به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ ھه‌میشه‌ سایه‌ی شكۆمه‌ندی، بیری وردی، ته‌گبیری ژیرانه‌ ‌و پشوو درێژی شۆڕشگێرانه‌ی بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌بات بۆ پێكه‌وه‌یی ‌و پاراستنی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی كوردایه‌تی ‌و دیموكراتی له‌ وڵاتدا. تا دروشمه‌ ڕاست و ڕه‌واكه‌ی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین) به‌ ته‌واوی دێته‌ دی.

سڵاو له‌ رۆحی پاكی مام و سه‌رجه‌م شه‌ھیدانی گه‌له‌كه‌مان.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) چێڵسی بەشێوەیەکی کاتی گەڕایەوە لوتکەی پریمەرلیگ

بابەتی دواتر

ئەمریکا کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share