لە شەنگال، ڕێگری و گرژی دروستبووە، پارتی دەڵێت، ڕێگری لە كاندیدەكانی كراوە بچنە شەنگال بۆ بانگەشە، لایەنەكانی نزیك لە پەكەكەش دەڵێن، پارتی دەیەوێت بەبیانووی هەڵبژاردن و بانگەشەوە هێز بنێرێتە شەنگال.
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیانەوێت بانگەشەی هەڵبژاردن بقۆزنەوە و بچنە ناو شەنگالەوە، بەڵام خەڵكی قەزاكە و دەوروبەری ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕێگرییان لێكردوون.
بەپێی میدیاكانی پەكەكە، لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە جموجوڵێكی زۆری هێزەكانی سەر بە پارتی و سوپای عێراق لە دەوروبەری شەنگال بوونی هەبووە، تەنانەت چەکدارانی سەر بە قاشم شەشۆ، كە فەرماندەیەكی شەنگالی-ی سەر بە پارتییە، لە دەوروبەری مەزارگەی شەرەفەدین بڵاوەیان پێکراوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، خەڵكی شەنگال ڕێگرییان كردووە لەوەی ئەو هێزانەی سەر بە پارتی بچنە شەنگالەوە و شەقامە سەرەكییەكانی چوونە ناو قەزاكەیان گرتووە.
بەڵام میدیاكانی پارتی ڕێگرییەكەیان خستووەتە ملی هێزەكان و لایەنگرانی یەكینەكانی پاراستنی شەنگال – یەپەشە، گوایە ڕێگەیان نەداوە كاندیدەكانی پارتی بچنە شەنگال و مەزاری شەرەفەدین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەپێی میدیاكانی پارتی، جەعفەر ئیمنیكی و چەند بەرپرس و كادیر و كاندیدێكی حزبەكە بەرەو شەنگال ڕۆیشتوون، بەڵام هێزەكانی یەپەشە ڕێگرییان كردووە، لەكاتێكدا هێزێكی سوپای عێراقیش یاوەریكردوون.
پێشتریش خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هۆشداریی دابوو لە مەترسیی ناردنی هێز و دروستكردنی ئاڵۆزی لەلایەن پارتییەوە لە ناوچەكە، دەڵێت، هەنگاوێكی لەو شێوەیە پەیوەندیی بە نیگەرانیی پارتییەوە هەیە لەوەی كاندیدەكەیان بۆ هەڵبژاردن دەرنەچێت و شكستەكە بە دروستكردنی ئاڵۆزی بشارێتەوە.
هۆشدارییەكەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە ڕاگەیەندراوێكدا هات، هەندێك زانیاریی ئاشكراكردبوو كە بەدەستیان گەیشتووە، بەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە هێزی چەکداری بچێتەوە شەنگال.
خۆبەرێوەبەرێتییەكە پێیوایە، “لە هەفتەی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هێنانی هێزی چەکدار لەلایەن پارتییەوە بۆ شەنگال، بۆ وروژاندن و دروستکردنی ئاڵۆزییە، ئاشکرایە، کە لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدی پارتی لە شەنگال سەرناکەوێت، دیارە کە لەناو خۆیاندا کێشەی جدییان هەیە، بۆیە دەیانەوێت ئەو دۆڕانە بە شەڕ و دروستکردنی ئاڵۆزی بشارنەوە”.