“ناوەندی پەیوەندییەكانی ئاشتی”، ئەو دامەزراوەیە بوو كە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو “كۆنگرەی ئاشتی و ئاساییكردنەوە” لەگەڵ ئیسرائیلی لە هەولێر ڕێكخست.
ناوەندەكە وێبسایتێكی بە زمانی ئینگلیزی هەیە و لەڕێگەیەوە كار و چالاكییەكانی دەخاتەڕوو، كە بەشێكیان بریتین لە سازدانی دیبەیت و كۆڕ و گفتوگۆ لەبارەی پرسەكانی ناوچەكەوە.
دروشمی “ناوەندی پەیوەندییەكانی ئاشتی” بریتییە لە “ئێمە لەڕێگەی جیاوازییەكانەوە گەشەدەدەین بە پشتیوانیی گشتی لە هاوبەشیكردندا”.
ناوەندەكە وەك دامەزراوەیەك خۆی پێناسەدەكات كە لەڕێگەی میدیا و قوتابخانە و ناوەندەكانی سەركردایەتیی ڕۆحی و ئەخلاقییەوە، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كاردەكات.
لەدرێژەی خۆناساندنەكەیدا ئەو ناوەندە دەڵێت، “ئامانجمان لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆجیایانەیە كە دابەشكاری دەورووژێنن و هەوڵدەدەین بۆ بەهێزكردنی هزری پێكەوەبوون و هاوبەشی”.
ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە هەولێر كۆنگرەیەك بەناوی “السلام و الاسترداد” بەڕێوەچوو، سەدان سەرۆك هۆزی عەرەبی سوننی و شیعی تیایدا بەشداربوون و داوایانكرد پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاساییبكرێنەوە، بەڵام كۆنگرەكە كاردانەوەی توندی لایەنە فەرمی و حزبییەكانی عێراقی لێكەوتەوە.