حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی چاوەڕوانی بەغدادە

بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ بڕیارێك لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا نەدراوە، بەپێی زانیارییەكانیش بۆ ئەو هەنگاوە حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی ناردنیەتی لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە.

هەرێمی كوردستان لە وەرزی سەرماوسۆڵە نزیك دەبێتەوە، دابینكردن و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا كە ساڵانی ڕابردوو بۆ هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوت یان زیاتر دەدرا، تائێستا بۆ ئەمساڵ نەبووەتە بڕیار.

لە 15ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی دابینكردنی نەوتی سپی تاوتوێكرد بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێك بدات، دوابەدوای كۆبوونەوەكەش جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان دەدەین”.

لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەشدا كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان لە لێدوانێكدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنیداوە كێشەی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم چارەسەربكات.

لە ئاماژەیەكیشیدا بۆ هەوڵەكانیانیان بۆ هێنانی بەنزین وتی، “لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی داهاتووەوە دەست بە هێنانی نەوتی سپیش دەكەین”.

دەربارەی ئەوەی ئایا دابەشكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕیاری لەسەر دراوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەسەر ئەو پرسە لە گفتوگۆداین و هێشتا هیچ بڕیارێك نەدراوە”.

وتیشی، “هەر كاتێك بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بەفەرمی ڕایدەگەیەنین”.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، بۆ دابینكردنی نەوت، حكومەتی هەرێم بەتەواوی پشتی بە بەغداد بەستووە و چاوەڕوانە بەڵێنەكەی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ناردنی نەوتی سپییەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی سوتەمەنیی پارێزگاكان ئەركی دابەشكردنی بەپێی ئەو بڕەی دەنێردرێت، دەگرنەئەستۆ.

دەربارەی ئەوەی ئایا حكومەتی هەرێم خۆی دەتوانێت نەوت دابینبكات یان پێویستی بە بەغدادە لەو ڕووەوە، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەهەموو شێوەیەك حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوتی سپی دابینبكات بۆ ماڵان، بەڵام چۆن ئەیكات جارێ ئەوەیان دیارنییە”.

دووشەممەی ڕابردوو هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت.

وتیشی، “وەزارەتی نەوتی عێراق یەکەی ئیداریی پارێزگای سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە، کە نەوتی سپییان بۆ دەنێرێت‌ و بڕەکەی 264 ملیۆن لیترە و هەر ماڵێکیش بەرمیلێک نه‌وتى بەردەکەوێت”.

بابەتی پێشتر

چارەنووسی مێسی بۆ یارییەكەی مانچستەر سیتی یەكلایی بووەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یۆڤانتۆس لە سامپدۆریای بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە پردێ كەسێك بە گولـلە كوژرا

لەناو بازاڕی پردێ هاوڵاتییەك كوژرا و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش وردەكاریی رووداوەكە ئاشكرادەكات. نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شارۆچکەی پردێ لەلایەن…
Total
0
Share