جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانیدا باس لە بەربەستەکانی بەردەم خانەنشینی پێشمەرگە لە بەغداد کراوە.
بەشیر حەدات، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ” لەلایەن ئەیاد مەحمود جبوری، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانییەوە پێشوازیمان لێکراوە و باسمان لە چارەسەرکردنی ڕێگرییەکانی بەردەم هەژماركردنى خزمەتی پێشمەرگايەتى به مەبەستی خانەنشینكردن كه ماوەیەکە ڕاگيراوه کرد”.
لە کۆبوونەوەکەدا داواکراوە ياساى خانەنشینی فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بکرێت بەپێی دەستوور، و خزمەتی پێشمەرگە له بەرچاو بگیرێت، وەک بەشێک لە ھێزی بەرگریی نیشتمانی”.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەستەی خانەنشینی فيدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەگرنگ زانیووە و داوایکردووە یاسایەکی خانەنشینی یەکگرتوو بۆ هەموو خانەنشینانی عێراق لە ھەردوو بەشی مەدەنی و سەربازی دەربچێت و کارئاسانی بکرێت بۆ تەواوی ئەو کەسانە و لە چوارچێوەی یاسادا خانەنشین بکرێن.
هاوکات ئەیاد مەحمود جبوری، ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی دەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە، گرنگە ئەو هەماهەنگیانە بەردەوام بن.