وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هاتنی بەنزینەكەی بەغداد 50 دینار لە نرخی بەنزینی نۆرماڵ كەمكراوەتەوە.
بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، 50 دینار لە نرخی نۆرماڵ كەمكرایەوە هۆكارەكەشی پەیوەندی بە خواست و خستنەڕووەوە هەیە، لەگەڵ ئەو بەنزینەشی كە لە بەغدادەوە هاتووە بۆ پارێزگاكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەنزینخانەكاندا جیاوازی لە نرخ هەبوو ئەگەر بهاتایە و بەمشێوەیە بەردەوامبووایە لە بەنزینخانەیەك نرخی لیترێك بە 800 دینار بێت و لە بەنزینخانەیەكی دیكە 690 دینار، ئەوا بەنزینخانەكان دادەخران، هەروەها بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری بەنزینی بازرگانی لە خوارووی عێراقەوە دێت، نرخ دابەزێندراوە.
وتەبێژەكەی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاشكراشیدەكات، ئەو بەنزینەی كە لە ئێرانەوە دێت كەمترینی نۆرماڵە، زۆرینەی موحەسەن و سوپەرە و ئەوان نرخەكەیان هەر وەكو خۆیەتی، فشارەكە زیاتر لە سەر نۆرماڵ بوو.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا كەی نرخی بەنزین جێگیر دەكرێت؟ بەهمەن شێخ قادر دەڵێت، “لەگەڵ دۆخەكە دەڕۆین بزانین تا كۆی دەڕوات”.
لەبارەی بەنزینەكەی بەغدادیش وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، بەنزینەكە لەو 10 بەنزینخانەیەی دیاریكراوە ئاسایی شۆفێر دەستیدەكەوێت و كوالێتی باشە.
بۆ زیادكردنی ژمارەی بەنزینخانەكان و ڕێژەی هاتنی ئەو بەنزینە بۆ پارێزگای سلێمانی لەدەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندایە. بەهمەن شێخ قادر لە لێدوانەكەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وای وت.