بەستەڵەكی نێوانیان توایەوە
بایدن و ماكرۆن لەسەر ئامانجە هاوبەشەكان ڕێككەوتن

ئیمانوێل ماكرۆن و جۆ بایدن

سەرۆكی ئەمریكا و هاوتا فەرەنسییەكە ڕێكەوتن لەسەر ئەنجامدانی وتوێژی كراوە بۆ كۆتایی هێنان بەو گرژییانەی بەهۆی ژێردەریایی دروستبوو.

وەك بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا ئەنجامدا.

لە بەیاننامەیەكی هاوبەشی كۆشكی سپی و ئیلیزێ هاتووە، ئەنجامدانی “وتووێژی كراوە لەنیوان هاوپەیمانان دەربارەی پرسە گرنگە ستراتیژییەكانی فەرەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەكان دەببێتە هۆی كۆتاییهێنان بەو دۆخە. سەرۆك بایدن پابەندبوونی هەمیشەیی لەو ڕووەوە نیشاندا”.

لەهەمان كاتدا هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و فەرەنسا، كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو لە ئەوروپا دیدارێك ئەنجامبدەن، بڕیاریاندا “پرۆسەی وتوێژی قوڵ بە ئامانجی زامنكردنی ئەو بارودۆخەی زامنی متمانە و پێشنیاری ڕێوشوێنی هەستپێكراو بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە هاوبەشەكان دەكات دەستپێبكەن”.

لە چوارچێوەی ئەو هێوركردنەوەیەشدا ماكرۆن بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو فیلیپ ئیتیان، باڵیۆزی فەرەنسا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بگەڕێتەوە بۆ واشنتن.

هەینی ڕابردوو پاریس بڕیاریدا هەردوو باڵیۆزی خۆی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئوسترالیا بكشێنێتەوە، لە بڕیارێكی بێپێشینەدا وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ڕەتكردنەوەی گرێبەستی كڕینی ژێردەریایی فەرەنسی لەلایەن ئوسترالیا و، ئەنجامدانی گرێبەستێك لەلایەن ئەو وڵاتەوە لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و بەریتانیا بۆ هەمان مەبەست.

ڕۆژنامەیەك: فەرەنسا بیر لە كشانەوە لە ناتۆ دەكاتەوە

پێنجشەممەی ڕابردوو ئوسترالیا بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە “گرێبەستی سەدە” ڕاگەیاند كە لەگەڵ فەرەنسادا كردبووی بۆ كڕینی ژێردەریایی و چووەپاڵ ئەمریكا و بەریتانیا.

سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی درێژە بەو گرێبەستە نادات و هاوبەشییەكی ئەمنیی “مێژوویی” لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیادا پێكدەهێنێت و لەڕێگەیەوە جۆرێك ژێردەریایی بەدەستدەهێنێت كە بە وزەی ئەتۆمی كاردەكات.

ڕۆژێك پێشتریش سەركردەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئوسترالیا، پێكهێنانی هاوبەشییەكی ئەمنییان لەنێوان هەرسێ وڵاتەكەدا لە ناوچەی هەردوو زەریای هندی و هێمن ڕاگەیاند، بەگوێرەی هاوبەشییەكە، ئەمریكا و بەریتانیا هاوكاریی ئوسترالیا دەكەن لە دابینكردنی ژێردەریایی ئەتۆمی.

لە بەرامبەردا جان ئیڤ لۆدریان، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا ڕایگەیاند، “هەست بە خیانەت و تووڕەیی و تاڵی دەكەین بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانەوە”.

وتیشی، “فەرەنسا پەیوەندیی متمانەی لەگەڵ ئوسترالیادا بنیادنابوو، ئێستا ئەو متمانەیە ڕووبەڕووی خیانەت دەبێتەوە”.

گرێبەستی سەدە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016 لەنێوان ئوسترالیا و فەرەنسادا كە تایبەتە بە دروستكردنی 12 ژێردەریایی بە تێچووی سێ ملیار یۆرۆ.

بابەتی پێشتر

سپیزیا 2-3 یوڤانتۆس

بابەتی دواتر

هەسەدە تێكشكانی هێرشێك لەسەر ڕێگای ئێم فۆڕ ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی كوژرا

باڵیۆزی ئەمریكا لە مەكسیك ئاشكرایكردووە، بەرپرسێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە مەكسیك كوژراوە، داوای لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە دەكات. كریستۆڤەر لاندۆ، باڵیۆزی…
Total
0
Share