وادەی دابەزینی نرخی مریشك ئاشكراكرا

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخی مریشك كاتییە و تاوەكو 10 ڕۆژی دیكە دەخایەنێت، دەشڵێت، هۆكاری بەرزبوونەوەكە بەهۆی گرانبوونی پێداویستییە پەلەوەرییەكانە.

نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بوونی كێشە و دروستبوونی نەخۆشییەك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ناوی “نیوكاسڵ گەمبۆرۆ”، 50% بۆ 60%ی مریشكی كێڵگەكانی لەناوبردووە و مرداربوونەوەتەوە”.

هۆكاری بەزبوونەوەی نرخیشی ئاشكراكرد، وتی، “لەماوەی مانگی ڕابردوودا یەك تۆن ئالیك 100 بۆ 120 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی جوچك، دەرمان، ڤاكسین و غاز دووهێندە بەرزبوونەتەوە، بەوهۆیەشەوە 35%ــی خاوەن پڕۆژەی كێڵگە پەلەوەرییەكان زیانیان بەركەوتووە و مایەپووچ بوون”.

لەبارەی پێشبینیی كاتی دابەزینی نرخی مریشك، سەرۆكی كۆمەڵەكە ئاشكرایدەكات، “ئەم بەرزبوونەوەیە كاتییە و تا 10 ڕۆژی دیكە دەخایەنێت”.

ڕوونیشیكردەوە، “نرخی یەك كیلۆ مریشك لەسەر خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان سێ هەزار دینار دەكەوێت، بۆیە ئێمەش لەگەڵ نزمبوونەوەیداین، بەڵام لەخوار تێچووەكەیەوە نەبێت”.

نازم عەبدوڵڵا پێشیوایە، “ئەگەر حكومەت نرخ جێگیر بكات، ئەوا ئێمەش هەموو ڕۆژێك لە زیاندا نابین و لەسەر خەڵكیش گران ناكەوێت، ئەوكات نەك 100 هەزار تۆنی ساڵانە ڕەوانەی شارەكانی باشوور و ناوەڕاست دەكەین، بەلكو دەتوانین ئەو بڕە یان زیاتر ڕەوانەی وڵاتێكی دیكەش بكەین”.

دەربارەی ئەوەی حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ هاوكاریی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بوون تاوەكو نرخی مریشك جێگیرببێت؟ ناوبراو دەڵێت، “بە تەنها وەزارەتی كشتوكاڵ ناتوانێت ئەوەبكات، بەڵكو دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە و وەزارەتەكان هاوكاری بن، بەڵام ئەوان پشتگیرییان ناكەن”.

بابەتی پێشتر

دەركەوت ژنەكە زیندووە.. ئەشكەنجە پیاوێكی ناچاركرد دان بە كوشتنی ژنەكەیدا بنێت

بابەتی دواتر

بەسەرپەرشتیی کازمی دوایین تاقیکردنەوە بۆ ئامێرەکانی دەنگدان کرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share