نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەندامەكەیان، كە دادگای دهۆك سزای زیندانیكردنی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێنرا، هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە هەبووبێت و دادگاش هیچ بەڵگەیەكی لەبەردەستدا نەبووە.
دوێنێ دادگای دهۆك، بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، مەلا نەزیر، ئەندامی كۆمیتەی دەركارێ-ی یەكێتیی لە سنووی پارێزگای دهۆك، سزادا، هەوكات دادگاییكردنی ئەندامێكی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری كوردستان بەناوی نیعمەت گونەش بەڕێوەچوو و بەهەمان تۆمەت و ماوە سزادرا.
لەو بارەیەوە حیكمەت حاتیب نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “گونەش پێش حەوت مانگ لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە بانگهێشتكرابوو، دواتر دەستگیركرا، تۆمەتەكەشی كاری بازرگانیكردن بووە لەگەڵ پەكەكە، بەڵام ئەو ئەندامی هەدەپە بووە و هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە نەبووە”.
نوێنەرەكەی هەدەپە ئاشكرایكرد، “چەند جارێك هەوڵمانداوە سەردانی گونەش بكەین لە زینداندا، بەڵام ئاسایش ڕێگریلێكردووین، تەنانەت دوو مانگی سەرەتای دەستگیركردنەكەشی هیچ هەواڵێكی نەزانراوە”.
ئەمە جگە لەوەی دووپاتیكردەوە، “گونەش هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە كاری سیخوڕی كردبێت و ئەندامی هەدەپە بووە”.
ئەندامە دەستگیركراوەكەی هەدەپە “پێشتر لە زاخۆ دەژیا، بەڵام ئاسایشی شارەكە دەریكردبوو و پێیڕاگەیاندبوو، یان لە ڕۆژئاوای كوردستان یان لە سلێمانی بژی، بەڵام ئەو چوبووە هەولێر”، وەك ئەوەی نوێنەرەكەی هەدەپە ئاشكرایكرد.
سزادانی ئەندام كۆمیتەكەی یەكێتی و ئەندامەكەی هەدەپە بەپێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە21ی ساڵی 2003، بەتۆمەتی بازرگانی و پەیوەندیی سیخوڕی لەگەڵ پەكەكە سزاكەی بەسەرداسەپێنراوە، دەقی یاساكە هیچ ناوێکی نییە، چونکە یاساکە لە شەش ماددە پێکهاتووە و تەنها ماددەی یەکەمی ماددەیەکی سزاییە و بریتییە لە هەمواری ماددە 156ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 و لە ساڵی 1969 دەركراوە.
لە هەموارەکەی هەرێمی کوردستاندا ئەو ماددەیە بەمشێوەیە هاتووە، (هەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست یان بەهەرشێوەیەک بێت، لە کارێک تێوەگلابێ بەمەبەستی زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتەهۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزادەدرێت).