گابریێل ئەتال، وتەبێژی حكومەتی فەرەنسا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاوە دەكات.
ئاشكرایكرد، ناوەڕۆكی پەیوەندییەكە، گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی گرێبەستەكەی ئەمریكا و بەریتانیا لەگەڵ ئوسترالیا كە بۆ دابینكردنی ژێردەریایی ئەتۆمی واژوویان كردووە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئوسترالیا بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە ڕێككەوتنێك ڕاگەیاند كە لەگەڵ فەرەنسادا كردبووی بەمەبەستی كڕینی ژێردەریایی ئەتۆمی لەو وڵاتە.
سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی درێژە بەو گرێبەستە نادات و هاوبەشییەكی ئەمنیی “مێژوویی” لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیادا پێكدەهێنێت و لەڕێگەیەوە جۆرێك ژێردەریایی بەدەستدەهێنێت كە بە وزەی ئەتۆمی كاردەكات.
لەبەرامبەردا جان ئیڤ لۆدریان سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا ڕایگەیاند، “هەست بە خیانەت و تووڕەیی و تاڵی دەكەین بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ژێردەریاییە ئەتۆمییەكانەوە”.
بەپێی وتەی گابریێل ئەتال، وتەبێژی حكومەتی فەرەنسا، ماكرۆن داوای ڕوونكردنەوە لە بایدن دەكات لەبارەی ئەو گرێبەستەوە كە فەرەنسا بە خیانەتێكی گەورەی دەزانێت”.
وتیشی، “پێشتر بەهیچ شێوەیەك باسی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نێوان فەرەنسا و ئوسترالیا نەكراوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕوونكردنەوانەی كە سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا خستنیەڕوو.
وتەبێژەكەی حكومەتی فەرەنسا جەختدەكاتەوە كە “دەبێت گرێبەستی نێوان فەرەنسا و ئوسترالیا تاكۆتایی ڕێزی لێبگیرێت و لەكاتی هەڵوەشاندنەوەیدا فەرەنسا قەرەبووبكرێتەوە”.