ئێران دادگای تیرۆری قاسم سولەیمانی ئامادە دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی تیرۆری قاسم سولەیمانیدا، دادگایەکی تایبەت بەو تیرۆرە ئامادە دەکرێت و هۆکاری کوشتن و ئەو لایەنانەی دەستیان لە ڕووداوکەدا هەبووە ڕادەگەیەندرێت.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ” لە سەرەتای دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتەوە بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی لیژنەیەک بۆ دروستکردنی ئەو دادگایە دروستکراوە و کارەکانی بەڕێوەدەبات”.

بە وتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لیژنەکە لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی داد و سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس پێکهێندراوە”.

بەرپرسانی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندووە سەدان پەڕە زانیارییان لەبارەی تیرۆری قاسم سولەیمانییەوە کۆکردوەتەوە و دادگای تیرۆری سولەیمانی دەیخوێنێتەوە و بڕیاری کەسانی تاوانبار و لایەنی دیکە دەدات.

تا ئێستا دیارنییە ئێران دەیەوێت لە چ شوێنێک و چۆن دادگایەکی نێودەوڵەتی دروستدەکات، تا بتوانێت تۆمەتبارانی ڕاگەیەندراو دەستگیربکرێن.

بەرەبەیانێکی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبیی بۆردومانکرد و کوشتنی، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان، یەکێک لەو دیمەنانەی کە دڵنیایی دەدا یەکێک لە کوژراوەکان قاسم سولەیمانییە، ئەنگوستیلەکەی دەستی بوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share