دەربارەی بوونی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێم، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دەكات هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.
لیوا محەمەد باقری، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەو بۆردومان و هێرشانە كرد كە بەمدواییە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم ئەنجامدرا و دەڵێت، گروپە چەكدارەكان لەماوەی ئەمساڵدا چالاكییەكانیان زیادیكردووە “بەهاندانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل و هەندێك وڵاتی عەرەبی-ی دواكەوتووی ناوچەكە” وەك ئەوەی پلەدارە ئێرانییەكە دەیڵێت.
دووپاتیشیكردەوە، پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان بنكەكانی لە ناوچەكە هەڵبگرێت، هۆشداریشدەدات لە بەكارهێنانیان وەك ناوەندێك بۆ دژایەتیكردنی ئێران.
باقری داوایەكیش ئاراستەی هەولێر و بەغداد دەكات و دەڵێت، “پێویستە لەسەر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی جددی بگرنەبەر” و ڕێگەنەدەن “چەكدارانی دژ بە وڵاتەكەی سەربازگە و بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە هەرێم دابمەزرێنن و هێرش بۆسەر سنوورەكانی ئێران ئەنجامبدەن”.
بەرپرسەكەی سوپای پاسداران بەڵێنی درێژەدان بە پرۆسە سەربازییەكان بۆسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات دووپاتكردەوە و وتی، ئێران ڕێگە بە ئەنجامدانی هیچ كارێكی تێكدەرانە لە سنوورەكانیدا نادات.
ڕوونیشیكردەوە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، تاران حكومەتەكانی عێراق و هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە لە پێویستیی چارەسەری ئەو گروپانە و ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی چالاكی دژ بە ئێران، بەڵام بەوتەی ئەو، لایەنە عێراقییەكان گوێیان بە هۆشدارییەكانیان نەداوە، بۆیە ئێران دەست بە لەناوبردنیان دەكات.
س: ئێرنا