دەسەڵاتێكی بێژن و ژنانی بێدەسەڵات و چارەنووس نادیار لە سایەی تاڵیباندا

بەدرێژایی حوكمی پێشووی تاڵیبان ژنان بەشداریی سیاسییان نەبووە و هیچ پۆستێكیان پێنەدراوە

ژنانی ئەفغانستان نیگەرانن لەمەڕ چارەنووسیان لە سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا و هەست بە پەراوێزخراوی و بێبەشبوونیان لە مافەكانیان دەكەن، بەتایبەت دوای ئەوەی حكومەتەكەی بزوتنەوەی تاڵیبان، “وەزارەتی ژن”ی گۆڕی بۆ “وەزارەتی فەرمانكردن بە چاكە و ڕێگریكردن لە خراپە” كە بەپێی وتەی چالاكوانانی ئەفغانستان، ئەو هەنگاوە ناڕەزایی زیاتری ژنانی لێكەوتووەتەوە و ئەمڕۆ یەكشەممە ژنانی فەرمانبەری وەزارەتی ژن، لەبەردەم وەزارەتەكەدا كۆبوونەتەوە و داوایان لە تاڵیبان كردووە ڕێگەیانبدات بچنەوەسەر كارەكانیان.

“وەزارەتی فەرمانكردن بە چاكە و ڕێگریكردن لە خراپە” پێشتر هەبووە، بەدرێژایی حوكمی تاڵیبان لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا تا ساڵی 2001 مامەڵەیەكی توندی لەگەڵ ئەفغانییەكاندا كردووە، بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەكانی بی بی سی، “كۆمەڵە و گروپەكانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان ڕەخنەیان لەو وەزارەتە هەیە بەوەی پێشتر دەنگی ئۆپۆزسیۆنی كپكردووە و كۆتی توندی بەسەر هاوڵاتییانی ئەفغانستاندا سەپاندووە، بەتایبەت كچان و ژنان، هەروەها ترس و بێمتمانەیی لەناو تەواوی كۆمەڵگەدا بڵاوكردووەتەوە”.

لەبەرامبەر ئەو ڕەخنانەدا، تاڵیبان جەختدەكاتەوە كە ئەو وەزارەتە دامەزراوەیەكی گرنگە و ئامانجی سەرەكی لەو دامەزراوەیە خزمەتكردنی ئیسلامە.

هۆكاری نیگەرانیی ژنان بەرامبەر بە “وەزارەتی فەرمانكردن بە چاكە و ڕێگریكردن لە خراپە”، هەر ئەوە نییە كە خراوەتە جێگەی “وەزارەتی ژن” و براوەتە ناو بارەگای ئەو وەزارەتە، بەڵكو ڕابردووی دامەزراوەكەیە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ژناندا، بەجۆرێك لە ژنانی داوە تەنها لەبەر ئەوەی باڵاپۆش نەبوون یاخود بە تەنها چوونەتە دەرەوەی ماڵەكانیان، تەنانەت لە ماوەی فەرمانڕەوایی حكومەتی پێشووی تاڵیباندا، وەزارەتەكە ڕێگەی بە كچان نەدەدا دوای قۆناغی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدەن و چالاكییەكانی وەك مۆسیقا و سەما و یاریی شەتڕەنج و هەڵدانی كۆلارەی قەدەغەكردبوو، پیاوانی ناچاردەكرد ڕێشدرێژبكەن و هەر كەسێك پێچەوانەی بنەماكانی كاری وەزارەتەكە هەڵسوكەوتی بكردبایە، بەتوندی سزادەدرا تا ڕادەی بڕینەوەی دەست و قاچ و لەسێدارەدان بەڕێگە و شێوازی جیاواز و ناباو و سەربڕین و بەردبارانكردنی ژنان تا مردن.

بەدرێژایی حوكمی پێشووی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ژنان بەشداریی سیاسییان نەبووە و هیچ پۆستێكیان پێنەدراوە، دوای ڕووخاندنی حكومەتەكەی تاڵیبان لە ساڵی 2001ـدا، ڕێژەی لەسەدا 27ی كورسییەكانی پەرلەمانی ئەفغانستان بۆ ژنان تەرخانكران و 69 ژن چوونە پەرلەمان، بەڵام دووبارە و لە حكومەتە كاتییە نوێیەكەی تاڵیباندا كە دوو هەفتەیە پێكهێنراوە، ژنان لە پۆستە حكومییەكان بێبەشكراون، ئەوەش وایكردووە چالاكوانان ڕەشبینانە لە دەسەڵاتی تاڵیبان بڕوانن.

لەو بارەیەوە، فەرزانە كوچای كە ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستانە دەڵێت، “هیچ لەبارەی ئەجێنداكانی تاڵیبانەوە نازانین، ئەوەی زیاتر نیگەرانمان دەكات ئەوەیە كە بەهیچ شێوەیەك باسی ژنان ناكەن”.

فەرزانە قسەی بۆ بی بی سی كردووە و ڕایگەیاندووە، “حكومەتێك ژن لەخۆنەگرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمەڵی مەدەنی بە حكومەتێكی بەرپرسیار لێیناڕوانن”.

ژنانی ئەفغانستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەزگاكانی میدیادا دەڵێن، “تا ئێستا نازانین تاڵیبان چۆن مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات و بەدیاریكراوی مەبەستی چییە لەوەی كە دەڵێت بەپێی شەریعەت هەموو مافێكتان دەستەبەردەكەین؟”.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

ئێران دووبارە لەبارەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتەوە هۆشداری بە هەرێم و بەغداد دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share