دوابەدوای هەڵهاتنی شەش كەس لە بەندینخانەی جلبوعی ئیسرائیل، خۆشحاڵی و هەستی سەركەوتن لای فەڵەستینییەكان گەیشتە لوتكە، ئەوان بە بەرزكردنەوەی كەوچك ئەو خۆشحاڵییەیان دەردەبڕن.
پاش هەڵهاتنی شەشە بەندكراوە فەڵەستینییەكە چیرۆكی جیاجیا لەبارەی “پاڵەوانێتی” ئەو بەندكراوانە بڵاوكرانەوە، دیارترینیان ئەوەبوو كە ئەوان “كەوچك”یان بەكارهێناوە بۆ هەڵكەندنی ئەو تونێلەی بەهۆیەوە هەڵهاتن و خۆیان دەربازكرد، بەرلەوەی جارێكی دیكە سەرجەمیان لە چەند پڕۆسەیەكی جیاجیای ئەمنیدا دەستگیربكرێنەوە، كە دواهەمین دوو كەسیان شەوی ڕابردوو بوو.
بەڵام دوای ڕووداوەكە كەوچك بووەتە سمبولی هەڵهاتن، سمبولی تێكۆشان، (وێنەكێش، هونەرمەند، شاعیر، ڕۆژنامەنوسان و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) لە بەرهەمەكانیاندا بەكاریدەهێنن.
ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا چیرۆكی بەكارهێنانی كەوچك لەلایەن بەندكراوانەوە یەكلانەكراوەتەوە و وردەكارییەكەی نازانرێت، بەتایبەت لەسایەی نەبوونی چیرۆكی ڕاستەقینەوەی چۆنیەتی هەڵهاتنەكە بەهۆی بڕیارێكی ئیسرائیلەوە لەبارەی ڕێگری لە بڵاوكردنەوەی وردەكارییەكەی.