سەرۆكایەتیی فەڕەنسا بە توندی وەڵامی وتەكانی ئەردۆغانی دایەوە كە وتبووی، “پێویستە پشكنین بۆ عەقلی بكات”، ئاماژە بەوەدەكات، “وتەكان جێگای قبوڵ نین”.
بەگوێرەی هەواڵێكی فڕانس پرێس، سەرۆكایەتیی فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاندووە، “وتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا جێی قبوڵ نییە، زیادەڕەوی تێدا كراوە و ناشرینە، داوا لە ئەردۆغان دەكەین ڕێڕەوی سیاسەتكردنی بگۆڕێت چونكە بۆ سەر ناوچەكە جێگەی مەترسییە، هۆشداریش دەدەین لەوەی كە سوكایەتی قبوڵ ناكەین”.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانی پەیوەست بە هەڵوێستی سەرۆكی فەڕەنسا، سەرۆككۆماری توركیا وتبووی، “پاش نزیكەی ساڵێكی دیكە هەڵبژاردن لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت ئەوكات چارەنوسی ماكرۆن دەبینین، پێموایە كۆتاییهاتنی دوور نییە، هیچ سودێكی بۆ فەڕەنسا نەبووە هەروەك چۆن سودی بۆ خۆشی نەبووە”.