فەڕەنسا هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی كەسانی پەیوەندیدار بە ڕەوتی ئیسلامی ئەنجامدەدات

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانی پۆلیس هەڵمەتێكیان دژ بە “دەیان كەسی”ی پەیوەندیدار بە ڕەوتی ئیسلامی لە وڵات دەستپێكردووە و پڕۆسەكە بەردەوامە.

جیرار دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی پڕۆسەیەكی دژ بە دەیان كەسی پەیوەندیدار بە ڕەوتی ئیسلامی دەستپێكردووە.

وتیشی، فەتوایەك دژ بەو مامۆستایەی مێژوو دەرچووە كە هەینی ڕابردوو سەڕبردرا.

ڕووداوەكە لەلایەن گەنجێكی بەڕەگەز چیچانی تەمەن 18 ساڵ ئەنجامدرا و ئەمەش كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی فەڕەنسا لێكەوتەوە.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەربارەی ئەو گومانلێكراوانەی دەستبەسەركراون وتی، “ڕوونە كە ئەو كەسانە فەتوایان دژ بە مامۆستاكە دەركردووە” ئاماژەی بەوەشكرد كە زیاتر لە 80 لێكۆڵینەوە دەربارەی بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕق لەڕێی ئینتەرنێتەوە دەستیپێكردووە و دەستبەسەركردنەكانیش لەو چوارچێوەیەدا بووە.

بەپێی میدیاكانی ئەو وڵاتە 11 كەس دەستبەسەركراون كە لەنێویاندا باوكی بكوژەكە و عەبدولحەكیم سفرەیوری، چالاكوانی ئیسلامی توندڕەو هەن.

دارمانان، سوربوونی خۆیشی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك كۆمەڵە نیشاندا لەوانە “كۆبەندی دژ بە ئیسلامۆفۆبیا لە فەڕەنسا” دوپاتیشیكردەوە كە 51 رێكخراو و كۆبەند لەماوەی هەفتەیەكدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتەوە سەردان دەكرێن و بەشێكیشیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیاری ئەو هەڵدەوەشێندرێنەوە.

لە بەرامبەر هەوڵەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ڕێكخراوی (بەرەكە سیتی) فەڕەنسی ناحكومی ڕایگەیاند، حكومەتی پاریس ستەم دەكات كە ڕەنگە بەهۆیەوە ژیانی ملیۆنان ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.

ڕێكخراوە ئیسلامییەكە كە یەكێكە لەوانەی لەبەردەم ئەگەری داخراندایە لە بەیاننامەیەكدا ئەوەشدەڵێت، “هیچ چالاكییەكی دەرەوەی یاسای نییە كە پێویست بكات دابخرێت”.

رۆژی هەینی 16ی تشرینی یەکەم پۆلیسی فەڕەنسا ئاشكرایكرد، هێزەكانیان خوێندكارێكیان كوشتووە كە چەند خولەكێك پێشتر، مامۆستاكەی خۆی بە چەقۆ سەربڕیبوو.

ئەوكات پۆلیس ئاشکرایکرد لە خوێندنگەیەكی ئامادەیی لە كۆنڤلانت سانت ئۆنورین كە پەنجا كیلۆمەتر لە پاریس-ـەوە دوورە، مامۆستایەك وێنەی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلامی نیشانی خوێندكارەكانی داوە و دوای تەواوبوونی وانەكە، یەكێك لە خوێندكارەكان كە تەمەنی 18 ساڵ بووە، بە چەقۆ هێرشیكردووەتە سەر مامۆستاكە و سەریبڕیووە.

هێزەكانی پۆلیس دوای چەند خولەكێك لە كوژرانی مامۆستاكە، خوێندكارەكەیان لە نزیك خوێندنگەكە بینیوە و ئەو چەقۆیەی بەدەستەوە بووە كە تاوانەكەی پێكردووە، بەدەم وتنەوەی “الله أكبر”ـەوە هەڕەشەی لە هێزەكانی پۆلیس كردووە، ئەوانیش تەقەیان لێكردووە و كوشتوویانە.

ئەم ڕوداوە هاوشێوەی ڕوداوەکەی نیوەرۆی ڕۆژی 25 ی ئەیلولە، کە کەسێک لە نزیک نوسینگەی گۆڤاری چارلی هیبدۆ هێرشیکردەسەر خەڵکی و چوار کەسی بە چەقۆ بریندارکرد و یەکێک لە بریندارەکان گیانی لە دەستدا.

بابەتی پێشتر

فەڕەنسا.. كازمى و ماكرۆن لە ئیلیزێ كۆبوونەوە

بابەتی دواتر

ئەمریکا.. ڕاپرسییەکان سەرکەوتنی بایدن نیشان دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share