ئەمریكا.. هەوڵی بە تیرۆریست ناساندنی تاڵیبان دەدرێت

یاسادانەرانی ئەمریكا، دوو پڕۆژەیاسایان پێشكەشكردووە بۆ سەپاندنی چاودێریی یاسایی بەسەر پەرەسەندنەكانی ئەفغانستان و ناساندنی تاڵیبان وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی.

ئەو دوو پڕۆژەیاسایە، لەلایەن ژمارەیەك ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكاوە كە سەر بە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتخوازەكانن گەڵاڵەكراوە و پێشكەش بە كۆنگرێس كراوە، دەیانەوێت لەڕێگەیانەوە، چاودێری بخرێتەسەر هەر گۆڕانكاری و پەرەسەندنێك كە لە داهاتوودا لە ئەفغانستان ڕوودەدات، بەجۆرێك سەرۆكی ئەمریكا ساڵانە ڕاپۆرتێك لەبارەی دۆخی ئەفغانستان و ڕووداوەكانییەوە پێشكەش بە كۆنگرێس بكات.

ئامانجێكی تری ئەو ئەندامانەی كۆنگرێس، دانانی بزوتنەوەی تاڵیبانە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، چونكە وەكخۆیان دەڵێن، “كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دۆخێكی كارەساتباری هێناوەتەئاراوە” و دژی كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێك لە یاسادانەران و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا، هەوڵی سەپاندنی فشاری زیاتر بەسەر ئەفغانستاندا دەدەن و دەیانەوێت تا ڕادەی پۆلێنكردنی ئەفغانستان بە “وڵاتێكی پشتیوانی تیرۆر” هەنگاوبنێن.

بابەتی پێشتر

 دهۆک.. لە سێمێل هاوڵاتییان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

بابەتی دواتر

ئەمریكا هێزەکانی لە هەولێر كەمدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share