ئەمریكا هێزەکانی لە هەولێر كەمدەكاتەوە

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتوون بۆ کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی عەین ئەسەد و هەولێر.

لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی هاوبەشی نێوان فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق و سوپای ئەمریکادا، ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی عەین ئەسەد و هەولێر كراوە، جەختیشیانکردەوە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی وڵاتەکەیە.

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنەکە بۆ کەمکردنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و تواناکانی ئەو وڵاتەیە لەو دوو بنکە سەرەکییە، کەمکردنەوەی هێزەکانیش لەم مانگەوە دەستپێدەکات، ئەمەش لەدوای ئەوەی هەریەکە لە بنکەی عەین ئەسەد و هەولێر ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراق، ڕێککەوتنەکە بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە ئاستی فەرماندەییکردنی بارەگای ئەو هێزانە لەلایەن ئەفسەر بە پلەی فەریق، بۆ بارەگایەکی بچووکتر بە فەرماندەیەک بە پلەی لیوا.

بڕیارە هەردوولا بەردەوامبن لەسەر کۆبوونەوەکانیان بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی هێزەکان بۆ ڕۆڵی هێزە ناشەڕکەرەکان بەسەلامەتی.

ئەم ڕێککەوتنە دەرئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکایە بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی کە تیایدا باس لە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرابوو.

لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا واشنتن بەشێک لە هێزەکانی کشاندووەتەوە، بڕیارە تەنها بەشێکی کەم لە هێزەکانی بەمەبەستی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان بهێڵێتەوە ئەوەش بەپێی وتەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا كە لەمیانەی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكادا جەختیلێكردبووەوە.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا.. هەوڵی بە تیرۆریست ناساندنی تاڵیبان دەدرێت

بابەتی دواتر

عەولە سیس، سمبولی بەرەنگاری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share