لەماوەی دوو هەفتەدا، 200 گەشتیاری بیانی سەردانی “زەقوورەی ئور”یان كردووە لە پارێزگای زیقار.
زەقوورەی ئور كە دەكەوێتە شاری مێژوویی ئور لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، دێرینترین پەرستگای عێراقە و لە ساڵی 2100ی پێش زاییندا پایتەختی دەوڵەتی سۆمەری بووە.
لە هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، ئەو شوێنە دێرینە گەشتیارانی بیانی كەمەندكێشی خۆی دەكرد، بەڵام بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران و پاشان جەنگی كەنداو و دواتریش ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنییەوە لەدوای ساڵی 2003، سەردانی گەشتیاران بۆ ئەو شوێنە ماوەی دەیان ساڵ بوو تا ڕادەی نەمان كەمیكردبوو.
دوای سەردانەكەی مانگی ئاداری ڕابردووی پاپای ڤاتیكان بۆ شاری دێرینی ئور و نوێژكردن لە زەقوورەكەیدا، چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەو ناوچەیە دەستیپێكردووەتەوە.
عامر عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی شارستانیی ناسڕییە ئاشكرایكرد، “لێشاوی هاتنی گەشتیاران بۆ بینینی شاری ئور و زۆنگاوەكان سەریهەڵداوەتەوە و تەنها لەماوەی دوو هەفتەدا نزیكەی 200 گەشتیار لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبییەوە سەردانی ناوچەكەیان كردووە”.