نێچیرڤان بارزانی: كوردستان دەیسەلمێنێت كە دەستوەردانی ڕزگاركەر دەتوانێت سەربگرێت

لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی لە ڕۆژنامەی تایمزدا بڵاوكردووەتەوە و باس لەو كاریگەرییە ئەرێنییانە دەكات كە لە ئەنجامی دەستوەردانی وڵاتانی خۆرئاوا لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە.

وتارەكە بەناونیشانی “كوردستان دەیسەلمێنێت كە دەستوەردانی ڕزگاركەر دەتوانێت سەربگرێت” بڵاوكراوەتەوە و تیایدا سەرۆكی هەرێم دەڵێت، “کشانەوەی خێرای وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان سەرلەنوێ مشتومڕی لەبارەی دەستوەردانی لیبراڵییەوە گەرمکردەوە. ڕاستییەک هەیە کە زۆر جار ئەم گفتوگۆیە فەرامۆشی دەکات، ئەویش ئەوەیە کە هەموو دەستوەردانەکان هەڵە نین”.

ڕوونیكردووەتەوە، “ئەو ڕێکارەی کە بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە ساڵی 1991دا لە کوردستانی عێراقدا گرتیانەبەر بە سەتان هەزار هاونیشتمانییانی منی لە کوشتن لەسەر دەستی سەدام حسەین ڕزگارکرد”.

نێچیرڤان بارزانی، ناوچەی ئارام و دژەفڕینی وەك نمونە بۆ كاریگەریی دەستوەردانی خۆرئاوا لە پاراستنی خەڵكی كوردستاندا هێناوەتەوە و نووسیویەتی، “پرۆسەی نوای ئارام بیرۆکەی جۆن مەیجەرە، دواتریش ناوچەی دژەفڕین کە بۆ ماوەی 12 ساڵ کوردستانی پاراست. ئەوانە پانتایی و ئاسایشێکی ڕێژەییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکان و هێزی سەربازیی شەرعی (پێشمەرگە) ڕەخساند. کە لە ساڵی 2003شدا عێراق ئازادکرا، دەستمان کرد بە سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی هەزاران گوندی وێرانکراوی دەستی بەعسییەکان، دامەزراندنی پیشەسازیی نەوت و ئابوریی بازاڕی گەشەسەندوومان خوڵقاند، بەکورتی، دەستوەردان بەر لە 30 ساڵ زەمینەی بنیاتنانی دەوڵەتەکەمانی ڕەخساند”.

لەدرێژەی وتارەكەیدا، سەرۆكی هەرێم باسی لە مەترسییەكانی تیرۆر كردووە و ڕایگەیاندووە، “هێشتا شەڕە هاوبەشەکەمان لەدژی تیرۆر بەکۆتا نەهاتووە و پێویستیمان بە دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی هەیە. تا ئێستاش ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سوریا و دەوروبەردا چالاکە. هەروەک چۆن بینیمان تاڵیبان چاوەڕوانی کشانەوەی هێزەکانی دژەکانی لە ئەفغانستان دەکرد، داعشیش هیچ پەلەی لە خۆبەدەستەوەدان یان هەڵهاتن نییە”.

دەشڵێت، “پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی عێراقی و وڵاتانی خۆرئاوا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، چونکە ئاییندەمان و ئاسایشی هاوپەیمانان کە لەنێو ماڵەکەیاندا کردەی تیرۆریستیی جەرگبڕیان چەشتووە، پشت بەو بەرەنگاربوونەوەیە دەخوازن”.

زیاتر لەو بارەیەوە دواوە و ڕایگەیاندووە، “کوردستان دەکەوێتەسەر نەخشەی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئازادی و خۆسەپاندن، هیوا و تاریکیدا. گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان هەڕەشە لە خۆمان و شێوازی ژیانمان دەکەن. بەڵام ئێمە هەر بە نوای ئارام و لوتکەی لێبوردەیی دەمێنینەوە”.

نێچیرڤان بارزانی لە كۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت، “مشتومڕ لەبارەی ئەفغانستانەوە درێژەی دەبێت، بەڵام دەستوەردان لە کوردستاندا سەرکەوتن بوو بۆ بەریتانیا و سەرجەم مرۆڤایەتی. وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین و عیبرەت وەربگرین، ئاوایش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرزبنرخێنین”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم شەو و ڕۆژ کاربکەن بۆ دۆزینەوەی بکوژی شوکری سەرحەد

بابەتی دواتر

گەشتیارانی بیانی ڕوو لە زەقوورەكەی باشووری عێراق دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share