سودان-یش لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێككەوت

كۆشكی سپی، ئەمڕۆ هەینیی 23ی تشرینی یەكەم ئاشكرایكرد، سودان و ئیسرائیل لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ڕێككەوتن.

ڕاشیگەیاند، “ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی سودان و ئیسرائیل، هەنگاوێكی نوێیە بە ئاڕاستەی دروستكردنی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەژێر سایەی ڕێككەوتننامەی مێژوویی ئیبراهیم دا.
لە كاتی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ هەریەك لە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، فەریقی یەكەم- عەبدلفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی كاتیی سەروەریی سودان و عەبدڵا حەمدۆك، سەرۆكوەزیرانی سودان-دا قسەیكرد و وتی، “سودان سێیەم وڵاتی عەرەبییە بەر لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكبكەوێت.”
دواتر لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ترەمپ و بورهان و حەمدۆك و نەتانیاهو، گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بەو “بەرەوپێشچوونە مێژووییەی سودان بەرەو دیموكراسی و پشتیوانیكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.”
ڕاگەیاندراوە هاوبەشەكە ئاشكرایكردووە، “سەركردەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا و سودان، ڕێككەوتوون پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی پێكبهێنن و گرنگی بە كشتوكاڵ بدەن.”
سودان دەرامەتی مرۆیی دەوڵەمەندە و دانیشتووانەكەی ژمارەیان زیاتر لە 45 ملیۆن كەسن و ئەوەش بە بڕوای چاودێران، وادەكات ڕێككەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل دا گرنگیی هەبێت.
ڕۆژی 15ی ئەیلولی ڕابردوو، هەردوو رێککەوتنی نێوان بەحرەین – ئیسرائیل و ئیمارات – ئیسرائیل لە كۆشكی سپی لە واشنتن ئیمزاكران. ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئەو سێ وڵاتە، وایكرد پەیوەندییە بازرگانییەكانی دەستبەجێ دەستپێبكەن و فڕۆكە و كەشتییە بارهەڵگرەكانیان لە هاتوچۆكردندان.
پێرێ چوارشەممە 21ی تشرینی یەكەم، ئۆفیر ئەكونیس، وەزیری هاوئاهەنگیی هەرێمیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “پێشبینی دەكەم ئەمریكا بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ڕێككەوتنی وڵاتێكی تر لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكبخات.”
لە لێدوانێكیدا بۆ ئێستگەی سوپای ئیسرائیل، وەزیری هاوئاهەنگیی هەرێمیی ئیسرائیل وتی، “پاساوێكی لۆژیكیم هەیە واملێدەكات پێموابێت بەر لە 3ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، وڵاتێكی تر لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێبكەوێت، سەرچاوەكانم وام پێدەڵێن.”
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریكا لەبەرامبەر قەرەبووكردنەوەی قوربانییانی تیرۆر و كەسوكارەكانیاندا، سودان-ی لە لیستی وڵاتانی هاوكاری تیرۆر دەرهێنا و ئەوەش وایكرد چاودێران پێشبینی بكەن ئەمریكا، سودان و ئیسرائیل پێكەوە ڕێكبخات.
پێشبینی دەكرێت ڕێككەوتنی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دا درێژەی هەبێت و وڵاتی تریش بچنە نێو بازنەی ڕێككەوتنەكانی ئاشتیی عەرەب – ئیسرائیل-ـەوە.
بابەتی پێشتر

بە وێنە .. هەڵەبجە.. چوار كەس بوون بە قوربانیی ڕوداوێكی هاتوچۆ

بابەتی دواتر

هێزی دەریایی میسر دەیان پەنابەری کورد-ی لە مردن ڕزگاركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share