جوتیار عادل: لە هەوڵەكان بەردەوامین بۆ زیاتر دابەزاندنی نرخی بەنزین

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێویستە دامودەزگاكان هاوكاربن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەربارەی نرخی بەنزین-یش دەڵێت، “لە هەوڵەكان بەردەوامین بۆ زیاتر دابەزاندن و جێگیركردنی نرخی بەنزین”.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسی هەڵبژاردنەكان تاوتوێكرا و جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی پێویستە سەرجەم دامودەزگاكان هاوكاربن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، هەروەك هێز و لایەنە سیاسیەكان پابەندی ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵا و یاسا بەركارەكانی هەرێم بن.

دەربارەی ڕێگاوبانەكانیش وتی، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 300 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ پڕۆژەكانی ڕێگاوبان، جگە لە هەندێك گوژمەی پارە كە بۆ ڕێگاكان قەرزكراوە.

سەبارەت بە هێرشەكانی سەر هەولێریش جوتیار عادل ئاماژەی بەوەدا، “لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر هێڵین و لە لێكۆڵینەوەداین، ئەگەر زانیاریمان سەبارەت بە ئەنجامدەرانی هێرشەكان دەستبكەوێت، حكومەتی هەرێم ئەوكات بڕیاری پێویست دەدات” و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سەقامگیریی هەرێم، سەقامگیرییە بۆ ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا دەربارەی سووتەمەنی و بەنزین، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی، “هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ چارەسەركردنی گرفتی سوتەمەنی و پلانی لەوە باشترمان هەیە بۆ ئاییندە، لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە نەوتی سپی بۆ خەڵكی هەرێم دابینبكات”.

دەربارەی بەنزین و نرخەكەشی وتی، “پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێم بە بەنزین شەش ملیۆن لیترە، ئەوەی لەئێستادا لە بەغدادەوە دێت ملیۆنێك و 80 هەزار لیترە كە بەشی هەموو هەرێم ناكات و ڕۆڵێكی كەمی هەیە لە دابەزینی نرخەكە، بەڵام حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ جێگیركردن و زیاتر دابەزاندنی نرخی بەنزین”.

ڕوونیشیكردەوە، “دۆخی بەنزین پەیوەندی بە بڕیارێكەوە هەیە كە لە بەرژەوەندیی خەڵك دراوە و ناچاربووین ئەو بابەتە بەو شێوەیە چارەسەربكەین”. پێشبینیی خۆیشی نیشاندا بەوەی لە ماوەیەكی كەمدا نرخەكەی جێگیربكەن.

وتەبێژی حكومەت هۆكاری ڕەوانەنەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی هەرێمی بۆ پەرلەمان گەڕاندەوە بۆ گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد و هەندێك بیروڕای جیاواز و وتی، “لەو ڕووەوە وەكو ئەنجومەنی وەزیران بەهەمانگی لەگەڵ پەرلەمان ئامادەین بۆ هەر بڕیار یان پێشنیازێك لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت”.

بابەتی پێشتر

توركیا سەربازێكی خۆی لە زاپ كوشت

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیران: دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوباندا پەیڕەوبكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆكی هەرێم گەیشتە ئیمارات

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەمەد بن زایدئال نەهیان سەرۆكی ئیمارات، گەیشتە دوبەی.…
Total
0
Share