ئەنجومەنی وەزیران: دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوباندا پەیڕەوبكرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلولی 2021 بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا و چەند بابەت و پرسێكی گشتی تاوتوێكران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، لە دەستپێکی ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و جەختیکردەوە کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشێوەیەکی ئارام و شارستانییانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێیی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بەئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان”.

“ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بێلایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، بەشێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکیی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغداد بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن”، وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.

پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرانەڕوو کە تایبەتبوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێبەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالێتیی ئاردی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لە زووجێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە كە ڕاگەیەندراوەكە دەیخاتەڕوو، تایبەت بووە بە بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 – 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەن خرایەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا بەکۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو، كە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەهەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە”.

“ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەماوەی مانگێکدا، پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لەڕووی یاسایی و تەکنیکی و داراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی و سەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێێت لە پاڵپشتیی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی شایستەبوون”، لە ڕاگەیەندراوەكەدا واهاتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چەند رێنماییەک لە هاتوچۆی هەولێرەوە بۆ شۆفێران بەمەبەستی خۆپاراستن لە زیانەکانی تەرزە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر چەند رێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە بەمەبەستی خۆپاراستنیان لە زیانەکانی تەرزە. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەهۆی…
Total
0
Share