ئێستا نوێترین زانیاری لەبارەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێوە ئاشكرادەكات

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا هەیە و ڕەنگە لە پەرلەمان دەنگ بەدەستنەهێنێت.

ناسڕ هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “تا ئێستا پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا، نەگەیشتووەتە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، تا بەدواداچوونی لەسەر بكرێت و دواتر بدرێتە لیژنەی یاسایی و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بیخاتە كارنامەی دانیشتنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەوەی لەبارەی پڕۆژەكەوە دەوترێت، تا نەبێتە یاسا و دەنگی لەسەر نەدرێت، ناتوانین بڵێین ئەوە جێبەجێدەكرێت، چونكە چەند ماددەیەكی هەمواردەكرێنەوە و ڕەنگە پڕۆژەكە دەنگیش نەهێنێت “.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا یاساكە چ تەمەنێك دەگرێتەوە؟ ناسڕ هەركی ئاشكرایكرد، “ئەوەی كە هەیە یاساكە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بۆ 35 ساڵییە، بەڵام ماوەی سەربازی بۆ هەموو كەسێك وەك یەك نییە، بەپێی بڕوانامە دیاریكراوە، بە نمونە بڕوانامەی دكتۆرا دەبەخشرێت لە خزمەتەكە، بڕوانامەی ماستەر نۆ مانگ و دەرچووی زانكۆش ماوەی ساڵێك، هەرچی ئەوانەی دیكەشن دەبێت دووساڵ خزمەتی سەربازی بكەن”.

ئەندامە كوردەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان پێشیوایە، “یاساكە هەرچەندە ناوی خزمەتی ئاڵایە، بەڵام پێویستە بەرلەوەی ئەو پڕۆژەیە بكرێت بە یاسا، عێراق دەبێت بیر لە ئاڵاكەی بكاتەوە، چونكە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی تێدانییە”.

دەشڵێت، “بۆیە ئێمە ناتوانین خزمەتی ئاڵایەك بكەین، هیچ ڕەنگدانەوەیەكی ئێمەی تێدا نەبێت”.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەو یاسایە بۆ دۆخی عێراق گونجاوە؟ هەركی ڕوونیكردەوە، “هەموو یاسایەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، هەرچەندە سوننە و شیعەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەو لایەنە ئەرێنییەی كە هەستدەكەیت خەڵك ڕووی تێدەكات، ئەوەیە چەندین ساڵە هیچ دامەزراندنێك نییە و خەڵكێكی زۆر بێكارن و دۆخی دارایی خراپە، بۆیە ئەگەر خزمەتی سەربازیی مووچەكەی باشبێت و سەروو 750 هەزار دیناری مانگانە بێت، خەڵك ناچارن ڕووی لێبكەن”.

هەروەها لایەنی نەرێنیی یاساكەش ئەوەیە تا چەك لای هێزە میلیشیاكان بێت و خەڵك داڵدەبدن، ئەوا جێبەجێكردنی قورس دەبێت. ناسڕ هەركی وادەڵێت.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژەكەی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد.

پڕۆژەی خزمەتی ئاڵا یان خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە كاری پێناكرێت، بەڵام لە بەشێك لە وڵاتاندا جێبەجێدەكرێت.

بابەتی پێشتر

کلۆزە جەڵتەی تێپەڕاند و دەگەڕێتەوە بۆ کاری ڕاهێنان

بابەتی دواتر

وەزارەتی پلاندانان: شارەكانی عێراق لەبەردەم دیاردەی بەگوندبووندان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share