كازمی و ڕەئیسی: پەیوەندیی ئابوریی عێراق و ئێران بەهێزدەكەین

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بەسەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی كازمی و ڕەئیسی-دا پەیوەندیی هاوبەشی عێراق و ئێران تاوتوێكراوە.

دوای كۆبوونەوەكەیان، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری ئێران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ڕێكخست، تیایدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران وتی، “ئێران دەیەوێت زیاتر لە ڕابردوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا بەهێزبكات، ئێمە بڕوامان وایە لەڕێگەی ڕۆڵگێڕانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە دەتوانین ئەو پەیوەندییانە بەهێزتربكەین”.

ڕاشیگەیاند، “كازمی بەڵێنیداوە ژمارەی ئەو گەشتیارە ئێرانییانە زیاتربكرێت كە سەردانی عێراق دەكەن بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە كەربەلا، هەروەها ڤیزای نێوان هەردوو وڵات هەڵبگیرێت”.

لەدرێژەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕەئیسی ئاشكرایكرد، چەندین دۆسیەی ئابوری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا تاوتوێكردووە، لەوانە بەستنەوەی هەردوو وڵاتەكە بە هێڵی ئاسنین و بابەتی دارایی و بانكی.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران گرنگە و پەیوەندیی جوگرافی و سنووریی هاوبەشی تێپەڕاندووە، ئەمەش دووەم سەردانمە بۆ ئێران لەماوەی ساڵێكدا كە بەڵگەی گرنگیی پەیوەندییەكانمانە”.

بەهەمانشێوەی ڕەئیسی، كازمی باسی لەوە كرد كە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەدەن و هێڵی ئاسنینی عێراق و ئێران بەیەكەوە دەبەستنەوە و ئاڵگوگۆڕی بازرگانی زیاتردەكەن”.

لەدرێژەی قسەكانیدا، كازمی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئێران لەپێناو سەقامگیریی ناوچەكە دەربڕی.

بابەتی پێشتر

میکانیزمی ناردن و دابەشكردنی بەنزینەکەی عێراق بۆ سلێمانی ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

كەركوك.. شەش چەكداری داعش كوژران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایدەگەیەنێت، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكردووە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە…
Total
0
Share