نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریكا یەكەم بەڵگەنامەی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر و گومانی پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی سعودیە بۆ هێرشبەران بڵاوكردەوە.
سەرەتای ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری ئاشکراکردنی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری واژووکرد.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، بەڵگەنامەكە لە 16 پەرە پێكدێت و ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە لەخۆدەگرێت كە ڕفێنەران لەگەڵ هاوبەشە سعودییەكانیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەنجامیانداوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەخۆناگرێت دەربارەی تێوەگلانی حكومەتی سعودیە لە پیلانەكە.
بەڵگەنامەكە پشت بەو چاوپێكەوتنانە دەبەستێت كە ساڵی 2015 لەگەڵ كارمەندێك لە كونسوڵخانەی سعودیە لە لۆس ئەنجلوس ئەنجامدراوە، كە دواتر داوای بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمریكی كردووە و بەر لە چەند ساڵێك پەیوەندیی چەندبارەی هەبووە لەگەڵ هاوڵاتییانی سعودی، كە بەپێی لێكۆڵەران “پشتیوانیی لۆجستیی گەورە”یان بە ژمارەیەك لە هێرشبەران داوە.
بەتایبەت، پەیوەندییەكانی سەرچاوەكە، كە ناوی لە بەڵگەنامەكەدا شاردراوەتەوە بۆ پارێزگاری لە نهێنی مانەوەی، لەگەڵ دوو هاوڵاتیی دیكەی سعودی-دایە، كە یەكێكیان بەهەمان شێوە لە كونسوڵخانەی سعودیە لە لۆس ئەنجلوس كاریكردووە، ئەوی دیكەشیان بەپێی گێڕانەوەی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی، كارمەندی هەواڵگریی سعودیەیە.
پێشتر سعودیە هەر تێوەگلانێكی بە ڕووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر ڕەتكردەوە، چوارشەممەی ڕابردووش باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتن پشتیوانی خۆی بۆ ئاشكراكردنی سەرجەم تۆمارە نهێنییەكانی تایبەت بە هێرشەكان دەربری وەك ڕێگایەك بۆ “كۆتاییهێنان بەو بانگەشانەی دژ بە سعودیەن و هیچ بنەمایەكیان نییە”، باڵیۆزخانەكە وتیشی، هەر دەنگۆیەك دەربارەی تێوەگلانی سعودیە “درۆیە”.