تەندروستیی بەشێكیان خراپە.. 72 زیندانی بادینان مانیان لە خواردن گرتووە

نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ڕایدەگەیەنێت، لە 6ی ئەم مانگەوە 72 زیندانی بادینان مانیان لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستی بەشێکیان زۆر خراپە.

ئەیھان سەعید، نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای سزادانی ھەندێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان و دواخستنیی دادگایی بەشێکی زۆریان، لە بەرامبەر ئەو نادادی و ئەشکەنجەدانی سایکۆلجی و جەستەییە لە 6ی ئەم مانگەوە 72 زیندانی بادینان کە پێکدێن لە (ڕۆژنامەنوس، چالاکوان، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، نوسەر و مامۆستای زانکۆ) مانیان لە خواردن گرتووە و ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆرخراپە”.

ناوبراو بەناوی کەسوکاری زیندانیانی بادینانەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەسەڵاتی جێبەجێکار و دادوەریی و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد دەكات سەردانی زیندانیان بکەن و فشار بکەن کە مافە یاساییەکانیان بۆ دابین بکەن، کە پێکهاتووە لە چەند خاڵێك.

ئەوانیش ڕێگەپێدان بۆ بینینی خێزان و پارێزەرەکانیان دابین بكەن کە بەپێی یاسا مافی ھەموو زیندانییەکە پارێزەری ھەبێت.

هەروەها گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە زیندانی ئاسایشی گشتی بۆ چاکسازی گەوران.

خاڵێكی دیكەی داواكارییەكانیان ئەوەیە، “دادگایی هەموو ڕاگیراوەکان دەستپێبکەن و یەکلایی بکرێنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە مەبەست دادگایی ناکرێن”.

كۆتا داواكاری نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە، “زیندانیەکان مەدەنین و ھیچ بەڵگەیان لەسەر نیە بۆ ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵیان، بۆیە پێویستە بەپێی یاسای ژمارە (35)ی ڕۆژنامەگەری کوردی و یاسای ژمارە (11)ی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵدابکرێت نەک یاسای 1ی ژمارە 21ی ساڵی 2003-ی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم.

بابەتی پێشتر

سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا كە پیلانی چەندین تەقینەوە و كاری تیرۆرستی لە هەرێم داڕشتووە

بابەتی دواتر

ژنێکی ئێرانی بە سکێک چوار کوڕ و کچێکی بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share