ئه‌ستێره‌ی ناوداری به‌رازیل و پێشووی یانه‌ی به‌رشلۆنه، دانی ئالڤێس په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ساوپاولۆی به‌رازیلی پچڕاندووه و ئاماده‌نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌که‌ی مه‌شقوڕاهێنانه‌کان.
بڕیاربوو دوای کۆتاییهاتنی چالاکییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، دانی ئالڤێس هاوشانی جواو میراندا په‌یوه‌ندی به مه‌شقوڕاهێنانه‌کانی یانه‌ی ساوپاولۆوه بکاته‌وه، میراندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئالڤێس له ڕێگه‌ی لێپرسراوی کاره‌کانییه‌وه ئیداره‌ی یانه‌ی له بڕیاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاگادارکردووه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌کانی ماڵپه‌ڕی “ئۆ گلۆبۆ”، ساوپاولۆ بڕی 2.11 ملیۆن دۆلار قه‌رزداری یاریزانه‌که‌یه، له وه‌رزی ڕابردوو تاوه‌کو ئێستا که‌موکه‌رتی له داهاتی یانه‌دا هه‌بووه و به‌وهۆیه‌وه موچه‌ی ئالڤێس له واده‌ی دیاریکراو دواکه‌وتووه.
یانه به‌رازیلییه‌که له‌و باره‌یه‌وه ڕاگه‌یاندراوێکی بڵاوکردووه‌ته‌وه، تیایدا هاتووه، “ئالڤێس له ڕێگه‌ی لێپرسراوی کاره‌کانییه‌وه ئاگاداریکردینه‌وه، تاوه‌کو یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی قه‌رزه که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی ناگه‌ڕێته‌وه، یانه‌که‌مان پێشنیازێکی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕی دوو ملیۆن دۆلار پێشکه‌شکردووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن جه‌مسه‌ری دووه‌مه‌وه ڕه‌تکراوه‌ته‌وه”.
“ئۆ گلۆبۆ” نوسیویه‌تی، ئالڤێس بیر له گه‌ڕانه‌وه ناکاته‌وه، به‌ڵکو له ئێستادا و له‌ته‌مه‌نی 38 ساڵییدا به‌دوای یانه‌یه‌کی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند یانه‌یه‌کی دیکه‌ی خولی به‌رازیل په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا پێکهێناوه.