قوباد تاڵەبانی بۆ کەرکوکییەکان: کۆتایی بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەهێنین و یەکێك لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە شاری کەرکوکەوە لە ڕێوڕەسمی بانگەشەی لیستەکەیدا ڕایگەیاند، “دەنگەکانتان بەفیڕۆمەدەن و هاوپەیمانی کوردستان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خۆتان هەڵببژێرن، چونکە کۆتایی بەم خۆسەپێنییە دەهێنین لە کەرکوک و یەکێك لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار.”

قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند، “دەزانین ڕووبەڕووی ستەم و غەدرێکی گەورە بوونەتەوە، بۆیە بەیارمەتیی ئێوە کۆتایی بەم دەسەڵات و ئیدارە خۆسەپێنە دەهێنین و ئارامی و سەقامگیری بۆ دەگێڕینەوە و یەکێك لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار.”

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە ئەزموونمان لە دانوستاندنی قورس و درێژ هەیە و هەر ئێمەشین جێی متمانەی هێزە عێراقی و لایەنە نێودەوڵەتییەکانین، وەک ئەو لایەنانەی دیکە نین کە زوو هەڵبچین و زوو کۆڵ بدەین و لەسەر حیسابی قوت و مووچەی خەڵک، بە میزاجی شەخسی بڕیاربدەین. لایەنی دیکە هەیە هەر باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەکان نییە لەگەڵ بەغداد و لەهەر دەقە و ساتێکدا بێت، سەرکێشییە سیاسییەکانیان دەستپێدەکەنەوە. خۆئەگەر دانوستاندنیش بکەن تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی پۆستەکانی بەغدادە.”

لەبارەى گرنگیی بەهێزبوونی پێگەى هاوپەیمانی کوردستانەوە لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی وتی، “قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە، هەندێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکان بەهەموو توانایانەوە شەڕی گەڕاندنەوەی مەرکەزییەت و هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵییەت دەکەن لە عێراق-دا، بۆیە ئێمە بەیەکەوە هاتووین ڕووبەڕووی ئەم پلانگێڕییانە ببینەوە، چونکە بەیەکەوە بەهێزترین و بەیەکەوە دەتوانین کێشەی بودجە و مووچە چارەسەر بکەین و سەقامگیری و خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەشبکەین.”

لەو ڕێوڕەسمەدا قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، “هاتووین لە کەرکوکی قودسەوە بانگی یەکڕیزی بدەین بەگوێی گەلی کوردستان-دا، هاتووین پەیمان لەگەڵ ڕێبازی مام نوێبکەینەوە و بە نەیارانی کەرکوک بڵێین (ڕەنگە بتوانن ئاگری بابەگوڕگوڕ دابمرکێننەوە، بەڵام خەیاڵتان خاوە، نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکی زیندوو و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە، هەتا کوردێک مابێت کەرکوک شاری کوردستانە).

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی، “لە کەرکوکی قودس و باباگوڕگوڕەوە، یەکدەستی و یەکڕیزیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین، هاتووین دڵنیاتانبکەینەوە کە چیتر ڕێگە نادەین، نە کەرکوک، نە هیچ بستە خاکێکی پیرۆزی کوردستان، باجی سیاسەتی هەڵە و سەرکێشیی سیاسیی هیچ کەس و لایەنێکی تر بدات.”

وتیشی، “چارەسەرى ئەم کێشانەى کەرکوک تەنیا بە هاوپەیمانی کوردستان دەکرێت، چونکە لەدوو هێزی گەورە و کاریگەر پێکهاتووە کە خەمی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان لەکۆڵناوە، نەک خەمی گەورەکردنی بنەماڵەیەک یان عەشرەتێک یان حزبێک. هێزە بچووکەکانی تریش، نە خاوەنی سەنگ و قورسایین، نە کەس گوێیان لێدەگرێت لە بەغداد، بۆیە داواتان لێدەکەم، دەنگەکانتان بەفیڕۆمەدەن و هاوپەیمانی کوردستان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خۆتان هەڵببژێرن”.

بابەتی پێشتر

كازمی وشاندێكی واشنتن كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تاوتوێدەكەن

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆبمبڕێژکراو هێرشەكەی سەر حدكا-ی ئەنجامداوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئامارەكانی میترۆ لەبارەی پێشێلكارییەكان زۆر لە ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ‏زیاترن

سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021ی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ‏بڵاوکردەوە، 353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، ئامارەكە زۆر ‏جیاوازە…
Total
0
Share