‏4.7 ملیار دینار بە هەولێر درا
تا ئێستا پارەی وشكەساڵی بۆ گەرمیان تەرخاننەكراوە

لە هەرێمی كوردستان، گەرمیان و هەولێر لە یەكەم ئەو ناوچانە بوون كە هەڕەشە و ‏مەترسیی وشكەساڵییان ڕاگەیاند، لەو نێوەندەدا حكومەت پارەی بۆ هەولێر تەرخانكرد، ‏بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەكی بۆ گەرمیان تەرخاننەكردووە، تەنانەت پارەی تەواوەتیی ساڵی ‏ڕابردووشیان پێنەدراوە. ‏

گەرمیان یەكەم شوێن بوو كە وشكەساڵیی ڕاگەیاند، بەدوایدا هەولێریش مەترسییەكانی ‏خستەڕوو، بەڵام بەدەمەوەهاتنی حكومەت بۆ هەولێر خێراتر بوو و تا ئێستا هیچ بۆ ‏گەرمیان نەكراوە.‏

دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ‏ئەنجومەنی وەزیران لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕی 4 ملیار و707 ملیۆن دیناری بۆ ‏ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی تەرخانكردووە.‏

لە هەولێر دەویسترێت بە لێدانی بیر و سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی وشكەساڵییەكە ‏تێپەڕێنرێت، بەوتەی خۆشناو، لە سێیەم ڕۆژی جەژنەوە دەست بە كار دەكەن و پارەكەیان ‏بۆ ئامادەكراوە.‏

گەرمیانیش وەكو هەولێر داوای بودجەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی كردووە، ‏بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەكی بۆ نەنێردراوە.‏

عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمساڵ ‏داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە بڕی 10 ملیار دیناریان بۆ تەرخانبكات بۆ ‏ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ ‏تەرخاننەكراوە.‏

حكومەتی هەرێم تەنها ئەمساڵ كەمتەرخەم نەبووە بەرامبەر بە گەرمیان، بەڵكو ئەو ‏پارەیەی ساڵی ڕابردووش داوایانكردبوو، بەتەواوەتی بۆیان خەرجنەكراوە.‏

وتەبێژەكەی ئیدارەی گەرمیان ئاشكراشیكرد، ساڵی ڕابردوو داوای 500 ملیۆن دیناریان ‏بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی كردووە، بەڵام حكومەت نزیكەی 300 ملیۆن دیناری ‏ناردووە و تاوەكو ئێستا تەواوی بڕەكەی نەناردووە. ‏

بابەتی پێشتر

گەشتە ئاسمانییەكان لە دوو فڕۆكەخانەی عێراق ڕاگیران

بابەتی دواتر

یوڤانتۆس 2-1 ڤینیزیا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسی: ئەمڕۆ هەور دەبێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆش ئاسمان هەور و…
Total
0
Share