دهۆك.. 260 دەفتەر دۆلار و چوار کیلۆ زێڕی دزراو بۆ خاوەنەكەی گەڕێندرایەوە

پۆلیسی دهۆك ڕایدەگەیەنێت، بڕی دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار و چوار كیلۆ زێڕیان بۆ خاوەنەكەی گەڕاندووەتەوە كە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو لەماڵی بازرگانێك دزرابوو.

تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی 3 لەسەر 4ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە ڕووداوێكی دزیكردن لە یەكێك لە گەڕەكەكانی پارێزگای دهۆك ئاگاداركرایەوە.

وتیشی، پاش ئامادەبوونی ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەكە و پشكنین بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی دزییەكە، گومان كرایەسەر چەند كەس و بەهەوڵی هێزەكانی پۆلیس توانرا ئەو كەسە ئاشكرابكرێت كە دزییەكەی ئەنجامداوە.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك تاوانەكە لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەنجامدراوە كە خەڵكی جۆرجیان و لەڕێی ژنێكی جۆرجی-یەوە كە لەنێو ماڵەكەدا كاری كردووە پلان و ئامادەكاری پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی كراوە.

ئاشكراشیكرد، چەند كەسێك لەسەر ئەو تاوانە دەستگیركراون، كە دوانیان كۆتایی مانگی ڕابردوو بۆ ئەو مەبەستە لە جۆرجیاوە هاتونەتە هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشكرد، پارە و زێرەكە بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێننەوە.

شەوی هەینی ڕابردوو لە گەڕەكی ماڵتا لە سەنتەری شاری دهۆک دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار (260 دەفتەر دۆلار) و چوار کیلۆ زێڕ لە ماڵی بازرگانێک دزرا.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ پێشمەرگە دێرینەکان: حەقی ئەوەتان بەسەرمانەوە هەیە خزمەتتان بکەین

بابەتی دواتر

پۆلیسی ڕاپەڕین: لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share