لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان هۆشداری لە دۆخی کشتوکاڵ و کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان دەدات، سەرۆکی لیژنەكە ڕەخنەش لە دۆخی كشتوكاڵ لە هەرێم دەگرێت و دەڵێت، “ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبێت چیتر کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت”.
ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد و پرسەكانی کشتوکاڵ، بەرهەمی جوتیاران، کەمئاوی و بەنداوەکان مەبەستی سەردانەکەی لیژنە پەرلەمانییەکە بوون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان مەترسییەکانی کەمئاوی و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و دۆخی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، “هەرێمی کوردستان ئێستا لە کێشەیەکی گەورەی کەمئاویدایە، لێدانی بیر بەگشتی و بیرە نایاساییەکان، کێشەکەیان گەورەترکردووە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی زۆر دابەزیوە، لەبەرامبەردا ئێمە بەنداوی ئەوەندە زۆرمان نییە بتوانین پێداویستییەکانی ئاو پڕبکەینەوە”.
بۆیە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ بەپێویستی دەزانێت یەکە ئیدارییەکان ڕێگری لە لێدانی بیر بکەن، بەتایبەت بیرە نایاساییەکان.
بە ڕای سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان، “کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران بەگشتی لە قەیرانی گەورەدان، یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە یەکە ئیدارییەکان زەوییە کشتوکاڵییەکان دەدەن بە کۆمپانیاکان بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، یان پرۆژەی ناکشتوکاڵی، لەکاتێکدا بەپێی یاسا نابێت هیچ زەوییەکی کشتوکاڵی بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی بەکاربهێنرێت”.
عەبدولستار مەجید، كە لەكابینەی پێشووی حكومەت وەزیری كشتوكاڵ بووە، ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێم و سەرجەم یەکە ئیدارییەکان گرت، کە تائێستا چارەسەری کێشەی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی جوتیارانیان نەکردووە، كە “هاوردەی بەرهەمی دەرەکیش چ بە قاچاخ چ بە ڕێگەپێدان یەکێکە لە هۆکارەکان”.
عەبدولستار مەجید هۆشداریدا و وتی، “ڕەوشی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارە، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبێت لەداهاتوودا کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و دەبێت بۆ دەسکێک کەرەوز لە وڵاتان بپاڕێینەوە”.