سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەك مانگ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا ماوە بۆئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 بنێرێتە پەرلەمان و دەبێت حكومەت پرۆژەكەی ئامادەبكات، چونكە ئێستا بەرچاوڕوونی و ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد هەیە و داهاتەكانیشی دیارن.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گرنگی نەماوە، بەدرێژایی ساڵەكەش بڕیاربوو حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانەبكات، بەڵام نەینارد.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ماوەی هەشت ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە كاری لەپێشینەی فراكسیۆنی یەكێتی لەم وەرزەی خولی یاسادانانی پەرلەمانی كوردستاندا، بودجەیە و دەبێت حكومەتی هەرێم بەپێی پەیڕەو پرۆژەیاسای بودجە بنێرێت”.
سەرۆكی لیژنەكە جەختدەكاتەوە كە “دەبێت حكومەت لە مانگی تشرینی یەكەمدا پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمانی كوردستان كە ماوەی یەك مانگی ماوە”.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا پرۆژەیاساكە لەسەر چ بنەمایەك دابڕێژرێت؟ زیاد جەبار ڕوونیكردەوە، “دەبێت حكومەت پرۆژەیاساكە ئامادەبكات، چونكە ئێستا بەرچاوڕوونی و ڕێككەوتنمان لەگەڵ بەغداد هەیە و داهاتەكانیش دیارن، بۆیە دەبێت وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان و ئەنجومەنی وەزیران لەو ماوەیەی كە لەبەردەستیاندایە، پرۆژەیاسای بودجە بنێرنە پەرلەمانی كوردستان”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان جەختیشیكردەوە، حكومەت بەردەوام باسی لە ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی بۆ پەرلەمان دەكرد، بەڵام نەینارد، “بۆیە بەهیواین ئەمساڵیش بەوجۆرە نەبێت، فشارە پەرلەمانییەكانی ئێمەش بەردەوامدەبن بۆ ناردنی”.
نەبوونی یاسای بودجە كاریگەریی چی هەیە؟
زیاد جەبار لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت، “نەبوونی یاسای بودجە خراپترین خاڵی لاوازی حكومەتە، ئەگەر هەر حكومەتێك یاسای بودجەی نەبێت ئەوە خاڵی لاوازییەتی، چونكە نا شەفافییەتێكی زۆر لە داهاتی هەرێم و خەرجیدا دەبێت و حكومەت بێبەرنامە دەبێت لەو ساڵەدا، ئەگەریش لە مانگی تشرینی یەكەمدا حكومەت یاسا بنێرێتە پەرلەمان، ئەوكات هەموو وەزارەتێك دەزانێت چەند پارەی بۆ تەرخانكراوە و پلان و بەرنامەكانی خۆی دەزانێت”.
زیاد جەبار پێشیوایە، نەبوونی یاسای بودجە، وادەكات كە دەسەڵات و دەزگاكانی چاودێری، نەتوانن بەسەر داهات و خەرجیی وڵاتەوە چاودێربن و نەزانن چاودێری چی بكەن؟