سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی كەمیكردووە، نەگەڕاندنەوەی داهاتیش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو چارەسەركراوە.
شیرین ئەمین، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سەردانیكردنمان بۆ دەروازە سنوورییەكان بەردەوامیی هەیە، ڕاپۆرتی خۆشمان ئامادەكردووە و چەندین پێشنیازی تێدایە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان كردووە، بەتایبەت لەڕووی باج و كاری كۆمپانیاكان”.
سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی پێشنیازەكانی ڕاپۆتەكەیانی ئاشكراكرد، داوایانكردووە حكومەت لە خاڵە سنوورییەكان، باج بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی، “تا زۆرترین داهات لە بری ئەوەی بۆ كۆمپانیا حزبییەكان بگەڕێتەوە، بۆ حكومەت بچێت”.
شیرین ئەمین قسەشی لەبارەی كەمبوونەوەی قاچاخچیتی لە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی كرد، وتی، “بەفەرمی نووسراو بۆ لیژنەكەمان نەهاتووە، بەڵام قاچاخچێتی و گەندەڵی بەشێوە زەقەكەی پێشوو نییە”.
ئێستا، لەبارەی گەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حكومەت پرسیاری لە پەرلەمانتارەكەی گۆڕان كرد، ڕوونیكردەوە، “ئەو پرسە تائێستا بەلای پەرلەمانی كوردستانەوە نادیارە، بەڵام بیستوومە كە ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت”.