قوباد تاڵەبانی بۆ كاندیدانی هاوپەیمانی كوردستان: داواكارییەكانی خەڵك ڕەوان و لەئاستیاندا بن

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرجەم کاندیدانی “هاوپەیمانی کوردستان” کۆبووەوە و پێیڕاگە‌یاندن، خەڵکی کوردستان داواکاریی ڕەوای هەیە و پێویستە دوای سەرکەوتنتان بەجۆریک کاربکەن کە لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا بن و دە‌بێت بەیەکەوە کار بۆ زامنکردنی مووچە و سەقامگیری و خزمەتگوزاری بکەن.

قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بارەگای “هاوپەیمانی کوردستان” لە سلێمانی، بەئامادەبوونی دەرباز محەمەد ڕێگە‌پێدراوی فەرمیی “هاوپەیمانی کوردستان” و ئاسۆ مامەند و یاسین حەمەعەلی بەرپرسانی هەڵبژاردنی هاوبەشی هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی “هاوپەیمانی کوردستان” کۆبوونەوە و باس لە ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەرکی سەرشانی کاندیدەکان کرا.

قوباد تاڵەبانی بە کاندیدەکانی ڕاگەیاند، لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەن لەم قۆناغە و لە قۆناغی دوای هەڵمەتی هەڵبژاردنیش، خەڵکی کوردستان داوای خزمەتگوزاری و سەقامگیری و مووچە و بودجە دەکەن، کە ئەمانە داواکاریی ڕەوان، “بۆیە دەبێت هەوڵی ئێمە لەسەر بنەمای ویستی خەڵک بێت و لە ئاستی چاوەڕوانییان بین بەدابینکردنی داواکارییەکانیان”.

لەبارەی گرنگیی “هاوپەیمانی کوردستان” قوباد تاڵەبانی وتی، “ئەم هاوپەیمانێتییە هەوڵێکی جددییە بۆ بەدیهێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان ئەو خەونەش ئامانجی گەورەی هەیە بۆیە دەبێت بیسەلمێنین و کار بۆ بەجێهێنانی دروشمە سەرەکییەکەمان بکەین کە (بەیەکەوە بەهێزترین) “.

ڕاشیگەیاند، “دەبێت پێکەوە یەکێتی و گۆڕان و کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆرترین کاندید بنێرینە بەغداد لەپێناو بەدیهێنانی ماف و خواستی هاوڵاتییان، چونکە ئێمە دەتوانین لە بەغداد بەیەکدەنگیی کار بۆ بەدیهێنانی ئەو داواکارییانە بکەین”.

دواتر دەرباز محەممەد قسەی بۆ کاندیدەکان کرد و ئاماژەیكرد بۆ چۆنێتیی جێبەجێکردنی ئەم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە و کارکردن بۆ ئەوەی  زۆرترین کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان بڕواتە بەغداد، هەروەها “کار لەسەر بەدیهێنانی خواستی خەڵک و باشترکردنی بژێویی هاوڵاتییان بکەن کە ئەوەش پلانی سەرەکیی هاوپەیمانی کوردستانە لەژێر چەتری یەکێتی و گۆڕاندا”.

بابەتی پێشتر

لە سنووری دهۆك زەوی و باڵەخانەی شوێنەواری بە چەند هەزار دۆلارێك فرۆشراوە

بابەتی دواتر

جموجوڵی ھاتوچۆ لە شەقامەكانی سلێمانی ڕێکدەخرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share