یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له دواین کاتژمێره‌کانی میرکاتۆی 2021 هه‌وڵیدا کیلیان مباپێی هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی دابینبکات، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌ی پاریس سان جێرمان پێداگرییان له به‌رده‌وامبوونی کرد و شکستیان به هه‌وڵه‌کانی مه‌درید هێنا.
ڕۆژنامه‌ی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووه، له دواین ساتی گواستنه‌وه‌کاندا یانه‌ی شاهانه بۆندێکی هه‌ژێنه‌ری به‌بڕی 200 ملیۆن یورۆ بۆ ئاسکه فه‌ره‌نسییه‌که پێشکه‌شی پاریس سان جێرمان کردووه، به‌ڵام فه‌ره‌نسییه‌کان هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌بووه، پێیانوابووه پێشکه‌شکردنی بۆند له دواین ساتدا ده‌رفه‌تی کڕینی جێگره‌وه‌ی یاریزانه‌که‌یان پێنادات، هه‌روه‌ها ده‌بێته لێدانێکی گه‌وره له خه‌ونه‌کانیان بۆ چنینه‌وه‌ی ناسناوی خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپا.
مباپێ دڵنیابووه‌ته‌وه له هه‌وڵه‌کانی ڕیاڵ مه‌درید و ئه‌و بڕه زۆره‌ی پێشکه‌شیانکردووه، به‌وهۆکاره دواین ئۆفه‌ری پاریسی بۆ نوێکردنه‌وه‌ی بۆنده‌که‌ی ڕه‌تکردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕی موچه‌که‌یان له وه‌رزێکدا بۆ گه‌یاندووه‌ته 45 ملیۆن یورۆ، به‌م ڕێژه‌یه‌ش ده‌بێته گرانبه‌هاتر له نێیمار و مێسی.
مارکا نوسیویه‌تی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕوویانداوه ده‌ریده‌خات هه‌وڵه‌کانی ڕیاڵ مه‌درید کۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵکو له میرکاتۆی زستانی 2022 ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ یاریزانه‌که‌دا بکه‌ن، جه‌مسه‌ره‌کان (مباپێ و ڕیاڵ) تاوه‌کو ئه‌و واده‌یه هیچ جموجۆڵێکی نه‌رێنی ئه‌نجامناده‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی گواستنه‌وه‌کانی زستانی 2022 ڕێککه‌وتنی فه‌رمی ڕاده‌گه‌یه‌نن.