وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هەژماری بانکیی فەرمانبەران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و “ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بە تەواوى”.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا، بەپێی مادەی 13 لە یاساکە کە تایبەته بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران، ئەمڕۆ مژدەی ئەوە دەدەین کە ئەو مادەیە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەک هەنگاوى یەکەم یاساکە بۆ سەرجەم کارمەندانی شارستانی و کەرتی پۆلیس جێبەجێدەکرێت و هەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوه”.
هەر لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا عەبدولکەریم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە ئەنجومەنى وەزیران ڕایگەیاند، “لەگەڵ دروستکردنی هەژماری بانکی، چاودێری و پوختەکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت و تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار مووچە ڕاگیراون و بەدواداچوونیش بەردەوامە بۆ ئاشكراکردنی مووچەی نایاسایی.”
بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی تا ئێستا هەژماری بانکی بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر دروستکراوە و تێستیشکراوە و سەرکەوتوو بووە.
بەوتەی بەرپرسانی ئەو وەزارەتە دروستکردنی هەژماری بانکی دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری لە شێوازی وەرگرتنی مووچە بەشێوەیەکی سەردەمییانە.