پۆلیسی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا شەش كەسی خێزانێكی عێراقییان دەستگیركرد، بەتۆمەتی بەئامانجگرتنی كچە دووگیانەكەیان و هەوڵدان بۆ ڕفاندنی لە چەندین بۆنەدا.
دەستگیركراوەكان بریتین لە فارس فەرتوسی، باوكی قوربانییەكە و سوعاد-ی هاوسەری و هەریەك لە عەلی و بەشیر و یاسر برایانی قوربانییەكە و خوشكێكیشی بەناوی زەهرا، وەك ئەوەی كەناڵی (فۆكس نیوز 10)ی ناوخۆیی بڵاویكردووەتەوە.
لێكۆڵەران دەڵێن، خێزانی قوربانییەكە مێژوویەكیان لە فشاری دژ بە كچەكەیان هەیە بەهۆی پەیوەندییەكانی بە هاوڕێیەكی كوڕیەوە لە ئاینێكی دیكە. دەشڵێت، خێزانی قوربانییەكە باوەڕیانوایە كە هاوڕێكەی دوور لە ویستی خۆی كچەكەیانی دەستبەسەر كردووە.
بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگا فشارەكان بۆسەر قوربانییەكە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری ڕابردوو دوای ئەوەی برا و خوشكێكی چونەتە ماڵی دایكی هاوڕێكەی، كە ئەویش لەوێ نیشتەجێ بووە، هەوڵیانداوە بیگەڕێننەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون دوای دەركردنیان و بانگكردنی پۆلیس.
دوای ئەوە كچەكە و هاوڕێكەی بۆ شارێكی نزیك هەڵهاتوون، لە هەوڵێكدا بۆ دووركەوتنەوە لە خێزانەكە، بەڵام بە شوێنەكەیان زانیوە و چوونەتە ئەو هۆتێلەی لێی ماونەتەوە و یەكێك لە براكانی هەوڵیداوە بە فشار و هێز بیگەڕێنێتەوە ماڵەوە، بەر لەوەی هاوڕێكەی بە فشاری چەك دووریبخاتەوە.
پاش ئەوە چەند هەوڵێكی دیكەی ڕفاندنی كچەكە ئەنجامدراوە، هاوڕێكەشی ڕوبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكە هەڕەشەی ڕفاندنی خوشكە 15 ساڵانەكەی لێكردووە، وەك ئەوەی پۆلیس ئاماژەی پێداوە.
دەسەڵاتداران ناوی كچە قوربانییەكەیان بڵاونەكردووەتەوە كە تەمەنی 20 ساڵە، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگا بنەڕەتی خێزانەكە عێراقییە و ویستویانە كچەكەیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان، كە دەشێت لەوێ ڕوبەڕووی كوشتن ببێتەوە.
س: ئەلحوڕە