نەتەوەیەکگرتووەکان: لە نیو سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە 11 هەزار کارەساتی سروشتی ڕویانداوە

ڕێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا لە جیهان، زیاتر لە 11 هەزار کارەساتی سروشتی کە سەرچاوەکانیان ئاووهەوا و ئاو بووk ڕویانداوە و بەهۆیانەوە 2 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و بە بڕی 3 تریلیۆن و 600 ملیار دۆلار زیانی ئابوری لێکەوتووەتەوە.

بە بۆنەی 13ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی کەمکردنەوەی کارەساتە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەنێویاندا ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی، ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی گۆڕانکاریی ئاووهەواوە ڕوداوە سروشتییەکان زیادبوون، ئەو دۆخەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئەو کۆمەڵگانە دروستکردووە کە بێ بەرگریین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی 2020ی ڕەوشی خزمەتگوزارییەکانی ئاووهەوا لە جیهاندا لە هەر سێ کەسێکدا کەسێک بەپێی پێویست پابەندی سیستمەکانی هۆشیاریی پێشوەختە نابێت.

لە ساڵی 2018دا لە سەرتاسەری جیهان، نزیکەی 108 ملیۆن کەس بەهۆی (گەردەلول، لافاو، وشکەساڵی و ئاگری دارستانەکان)ەوە داوای هاوکارییان لە سیستمی هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتی کردووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی دەکات تا ساڵی 2030 ساڵانە ئەو ژمارەیە بە تێچووی نزیکەی 20 ملیار دۆلار واتە 50% ڕوو لە زیادبوون بکات.

لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا لە جیهان، زیاتر لە 11 هەزار کارەساتی سروشتی کە سەرچاوەکانیان ئاووهەوا و ئاو بوون ڕویانداوە و بەهۆیانەوە 7 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 تریلیۆن و 600 ملیار دۆلار زیانی ئابوری لێکەوتووەتەوە. لەو سەردەمەدا تێکڕای ژمارەی زیانی گیانی بۆ هەر کارەساتێک یەک لەسەر سێ کەمیکردووە و لە بەرامبەردا ژمارەی کارەساتە سروشتییەکان پێنج هێندە و زیانە ئابورییەکانیش حەوت هێندە زیادیان کردووە.

پیتێری تالاس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی ڕایگەیاند، سیستمەکانی هۆشداری پێشوەختە هەلومەرجێکی پێشوەختە دروست دەکەن بۆ پابەندبوون بە گۆڕانکاریی ئاووهەوا و کەمکردنەوەی مەترسیی کارەسات بەشێوەیەکی بەرچاو.

پیتێری تالاس باسی لەوەشکرد کە وەک چۆن ئامادەکاری لە کات و جێگەی دروستدا زۆر ژیان ڕزگاردەکات، بەو شێوەیەش سەرچاوەکانی بژێویش دەپارێزێت.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی ئاماژەی بەوەشکرد، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی ئابوری و تەندروستیی نێودەوڵەتیی بەربڵاو، هۆشداری ئەوەشیدا کە گۆڕانکاریی ئاووهەوا لە سەدەکانی داهاتوودا، بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ، سیستمی ئابوری و کۆمەڵگەکان.

لەلایەکی دیکەوە، نوسینگەی کەمکردنەوەی مەترسیی کارەساتەکان سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا بڵاویکردەوە کە بەرزبوونەوەیەکی تراجیدیایی لە کارەساتە سروشتییەکان لە 20 ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە کە کارەساتە سروشتییەکان کە لە ساڵانی 1980-1999 کەمێک لەسەروو چوار هەزارەوە بووە و لە ساڵانی 2000-2019 بەرزبووەتەوە بۆ 7 هەزار و 348 كارەسات.

ڕوونیشدەكاتەوە، کیشوەری ئاسیا خراپترین کاریگەریی کارەساتە سروشتییەکانی لەسەرە و هۆشداری ئەوەیش دراوە کە شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا مەترسیی گەورە دروست دەکەن.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ساڵانی 2000-2019دا حەوت هەزار و 348 کارەساتی سروشتی ڕویانداوە کە بەهۆیانەوە یەک ملیۆن و 230 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و کاریگەریشی لەسەر چوار ملیار و 200 ملیۆن کەس دروستکردووە و نزیکەی دوو تریلیۆن و 29 ملیار دۆلار زیانی ئابوری هەبووە.

لە ساڵانی 1980-1999دا چوار هەزار و 212 کارەساتی سروشتی ڕویانداوە کە گیانلەدەستدانی یەک ملیۆن و 190 هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە و کاریگەری لەسەر سێ ملیار و 250 ملیۆن کەس هەبووە و نزیکەی یەک تریلیۆن و 630 ملیار دۆلار زیانی ئابورییان هەبووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا زانیاری ئەوەیش دراوە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە چین 577، لە ئەمریکا 467، لە فلیپین 304 و لە ئیندۆنێزیا 278 کارەساتی سروشتی ڕویانداوە. لەوانەش هەشت لە گەورەترین کارەساتە سروشتییەکان لە کیشوەری ئاسیا ڕویانداوە.

بابەتی پێشتر

'وەزیری دارایی هەرێم بەڵێنی گەڕانەوەی موچە فەوتاوەكانی داوە'

بابەتی دواتر

لە مانگێكدا زیاتر لە 7 هەزار و 500 فڕۆكە بە ئاسمانی عێراقدا فڕیوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share