“لێیانخۆشنابین”.. سودانی هەڕەشە لە گەورە بەرپرسان دەكات

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەڕەشە لەو بەرپرسانە دەكات كە “گەندەڵی دەكەن” و دەڵێت، “لێیانخۆشنابین و سزایان دەدەین”.

لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كاربەدەستی حكومی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لە رێكارەكانی مامەڵەكردنی لەگەڵ گەندەڵكاراندا كرد و وتی، “واز لە گەندەڵكارە بچووكەكان ناهێنین و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكەین، بەڵام گەورە بەرپرسانی گەندەڵ هەڵوێستی تایبەتمان لەگەڵیاندا دەبێت”.

سەرۆك وەزیران بە باسكردنی ئەوەی “بەرپرسانی باڵا، كاربەدەست و بڕیاربەدەستن و بەرپرسی خەڵكانێكی زۆرن و لەلایەن دەوڵەتەوە سەرپشككراون و دەسەڵاتی گەورەیان پێدراوە”، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دەبێت سزاكانیشیان بەپێی قەبارەی بەرپرسیارێتییان بن.

لەو بارەیەوە سودانی رایگەیاند، “كە بەرپرسی گەورە لە رێگە دەربچێت و گەندەڵی بكات، لێیخۆشنابین و تەنها بە كەمكردنەوە و دابەزاندنی پلە سزانادرێت، بەڵكو بەپێی قەبارەی بەرپرسیارێتی و ئەو گەندەڵییانەی كردوونی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت”.

جەختیشیكردەوە كە توێژە “پەراوێزخراو و ماندووكراو و هەژارەكان، دەبێت لە راییكردنی مامەڵەكانیاندا ماندووترنەكرێن و پەكنەخرێن، بەڵكو دەبێت هەوڵبدرێت ئاسانكارییان بۆ بكرێت و مامەڵەكانیان دوانەخرێن”.

بابەتی پێشتر

بکوژی نیزام منارە لە هەولێر دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

خواردنی ترێ پێستت لە سووتان بە تیشکی خۆر دەپارێزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share