پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرشێكیان بۆسەر بازگەیەكی سوپای عێراق لە گوندێكی نزیك مەخمور ئەنجامدا و ئەفسەرێكی سوپاش دەڵێت، هێرشەكە تێكشێكندراوە.
ئەفسەرێکی سوپای عێراق لە مەخمور بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كاتژمێر 10:40 خولەكی ئەمشەو چەكدارانی داعش هێرشیان کردەسەر خاڵێکی بازگەی سەربازی عێراق لە نزیک گوندی گرد قۆشەنە لەنێوان مەخمور و قەراج.
وتیشی، “لەلایەن سەربازانی عێراقەوە بەتوندی وەڵام درانەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند و داعشەکان هەڵاتن”.
هێزەكەی سوپای عێراق هەستیان بە جموجوڵەكانی چەكدارەكان كردووە و بەهۆیەوە پێشوەختە لە ئامادەباشیدابوون، وەك ئەوەی سەرچاوەكە ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیارییەكانیان سێ چەكداری گروپەكەی داعش برینداربوون، لەنێو هێزەكەی سوپاشدا سەربازێك بەسوكی برینداربووە.
ماوەیەكە جموجوڵ و پەلامارەكانی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە سنووری مەخمور و شاخی قەرەچوغ لەئارادایە و، بەنزیكەیی ڕۆژانە هێرش بۆسەر گوندەكانی ناوچەكە ئەنجامدەدەن و ئاژەڵدار و دانیشتوانەكانیان دەڕفێنن و دواتر لەبەرامبەر بڕێك پارەدا ئازادیان دەكەن.
لای خۆیانەوە دانیشتووانی ناوچەكە دودڵ و لە دۆخێكی ناهەمواردان و بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگە و لاوازی هێزەكانی دیكە نازانن پەنا بۆ كێ ببەن.
ئەیوب عەلی وەرتی بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم هەواڵەدا كردووە.