بڕیاردان لە چارەنووسی هەڵبژاردن دەكەوێتە دوای لوتکەی بەغداد

شەممەی داهاتوو لوتکەی بەغداد بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوەدەچێت

دەنگۆی کۆبوونەوەی لایەنە شیعییەکان بۆ بڕیاردان و یەکلاییکردنەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکرێتەوە، کۆبوونەوەکە لەدوای بەڕێوەچوونی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجامدەدرێت.

بەشێك لە میدیا عێراقییەكان باس لە كۆبوونەوەی لایەنە شیعییەكان دەكەن بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی هەڵبژاردن، بە دواخستنی یان ئەنجامدانی لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، گوایە كۆبوونەوەكە دوێنێ ئەنجامدراوە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هیچ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجامنەدراوە، بەڵام ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو بکرێت”.

سەرچاوە كوردستانییەكەی بەغداد ڕایگەیاند، بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە لەسەری، دوو جۆر کۆبوونەوەیە، یەکێکیان سەرکردە شیعییەکانن کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن، “بڕیاری ئەوانیش یەکلاکەرەوەیە”.

کۆبوونەوەی دووەمیش سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بەشداریی تێدا دەکەن بە کورد و سوننەشەوە، ئەوکات بڕیارەکە بەگشتی دەدرێت، “بەڵام لایەنەکانی سوننە و کورد تەنها پەسەندکردنیان لەدەستدایە، وەک چۆن کەسێک ئاو بخواتەوە و ئەوانی دیکە بڵێن عافێتت بێت، کورد و سوننەش تەنها پەسەندکردنی بڕیاری شیعەیان بەدەستە، نەک هیچ بڕیارێک” ئەو سەرچاوەیە وای بە ئێستا وت.

سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی هەڵبژاردن، سەرچاوەكە ئاشکرایکرد، ڕۆژی شەممەی داهاتوو لوتکەی بەغداد بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای کۆتاییهاتنی ئەو لوتکەیە کۆبوونەوەی لایەنە شیعییەکان و دواتریش لایەنە عێراقییەکان لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدەرێت.

بابەتی پێشتر

یەرەكە توركیا بەدرۆدەخاتەوە: لە بۆردومانەكانی دوێنێدا هیچ زیانێكمان بەرنەكەوتووە

بابەتی دواتر

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكى: ته‌نها له‌ دوو پرۆژه‌دا بایی نزیكه‌ى 5 ملیار دینار گه‌نده‌ڵی كراوه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share