بەکارهێنانی دارە هەمیشەسەوزەکان لە جەژنی سەری ساڵ و کریسمسدا مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام دواتر وشەی “داری کریسمس” ـی بە شێوەیەکی فراوان بۆ بەکارهات.
وەک لە کتێبەکەی جودیت فلاندەرز، ژیاننامەیەکی کریسمس (Chrismas: A Biograhy) هاتووە، لە سەروبەندی جەژنی کریسمسدا، ماڵەکان و شەقامەکان بە درەختی هەمیشەسەوز ڕازێندرابوونەوە.
ئەفسانەی زۆر لەبارەى مێژووی داری کریسمسەوە هەن، یەکێکیان دەڵێت گوایە مارتن لۆسەر، ڕابەری ئایینزانی پرۆتستانتی کریستیانی، پێی وابوو کە دارسنەوبەر هێمای باشیی خودایە.
ئەفسانەیەکی بەناوبانگی دیکەی سەدەی ١٥، چیرۆکی قەشە بۆنیفەیسە، کە لە سەدەی ٨ـدا ڕێگریکرد لە بەقوربانیکردنی مرۆڤێک لە ژێر داربەڕوویەکدا، لە بری ئەوە دارەکەی بڕییەوە و دواتر لە جێی دارە بڕدراوەکە، دارسنەوبەرێک گەشەیکرد کە قەدەکانی ڕاستبوونی هەتاهەتایی عیسایان پیشان دەدا. چەند گێڕانەوەیەکی جیاوازی ئەفسانەکە وا گوزارشت لە باسەکە دەکەن کە قەشە بۆنیفەیس دارسنەوبەرە نوێیەکەی بڕیوەتەوە و بە سەرەوخواری هەڵیواسیوە، ئەوەش نەریتی هەڵواسینی سەربەرەوخواری دارەکانی لێکەوتەوە، کە ئاماژەیە بۆ سیانەی پیرۆز (باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز)، بەوپێیەی شێوەیەکی سێگۆشەیی هەیە، هەندێ کات سێوێکیش لەبری ئەستێرەی سەرلووتکەی دارەکە دادەنرێت. ئیدی هەموو ئەم چیرۆکانە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەریتی کریسمس.
مێژووی ڕاستەقینەی داری کریسمس
مێژووی ڕاستەقینەی ئەو داری کریسمسەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕەگی داکووتیووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیای سەدەکانی ناوەڕاست. لە ساڵی ١٤١٩، سەندیکایەک لە شاری فرایبۆرگ، لە مەراسیمی جەژنی کریسمسدا، دارێکیان بەکارهێنا کە بە بسکیت و سێو و نانی زەنجەفیل و کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێندرابوویەوە. لە “شانۆییەکانی بەهەشت”دا کە بەمەبەستی ئاهەنگگێڕانی ڕۆژی ڕۆژووی ئادەم و حەوا نمایشدەکرا، درەختی زانینی چیرۆکەکەی ئادەم و حەوا بە درەختێکی هەمیشەسەوز بەرجەستەکرا، کە سێو بە لقەکانییەوە هەڵواسرابوو. لەو تۆمارە مێژووییانەی بەردەستی فلاندەرز کەوتووە، درەختی ڕازێنراو بە بەکرە و پووش و سێو و بستە و کەعەک لە جەژنی کریسمسدا بەکارهاتووە.
کۆنترین بازاڕی داری کریسمس دەگەڕێتەوە بۆ شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا، کە دارەکان بە سادەیی دەفرۆشران. فلاندەرز دەڵێت، یەکەمین داری ڕازێنراوی ناوماڵ لە ساڵی ١٦٠٥ لە ستراسبۆرگ تۆمارکراوە، کە بە گوڵ و سێو و پسکیت و شیرینی دیکە دەڕازێندرایەوە. لە سەدەی ١٥ـدا داواکاری لەسەر داری کریسمس زۆر بەرز بووە، بەشێوەیەک لە ستراسبۆرگ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرا دارسنەوبەرەکانیان دەبڕییەوە. سییەکانی سەدەی ١٦، یاسای ناوچەکە سنوورێکی بۆ ماڵەکان دانا کە تەنها دەتوانن یەک دار بکڕن.
داری کریسمس چۆن لە ئەمریکا بڵاوبووەوە؟
بەکارهێنانی داری کریسمس لە ماڵە تایبەتەکانی ئەمەریکای باکوور بۆ کۆتایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩دەگەڕێتەوە. نەریتەکەش لەلایەن کۆچبەرە ئەڵمانییەکانەوە گواسترایەوە کە لە تەکساس نیشتەجێبوون، دارەکانیان بە لۆکە و گوێزی ئەمریکی و بیبەری سوور و گەنمەشامی دەڕازاندەوە.
بەڵام دانانی دیاری لە ژێر داری کریسمسدا مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەویش کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤٨ لە ڕۆژنامەی لەندەن نیوز، وێنەی کێشراوی شاژنە ڤیکتۆریا و شازادە ئالبێرت و منداڵەکانیان لە چواردەوری دارێکی کریسمسدا بڵاوبوویەوە، کە چاویان لە دیارییەکانی ژێرە داری کریسمسەکە بڕیبوو.
فلاندەرز نووسیوویەتی، “بەهۆی ئەم وێنە تاقانەیەی شاژنە ڤیکتۆریاوە، داری کریسمس ڕەگ و ڕیشەی لە نائاگایی خەڵکیدا چەقاند، بە شێوەیەک تا ساڵی یش١٨٦١، لەو ساڵەی کە شازادە ئالبێرت کۆچی دوای کرد، خەڵکی باوەڕیان وابوو ئەم شازادە ئەڵمانییە دوای هاوسەرگیرییەکەی ئەم نەریتەی لە بەریتانیدا چاندبێت”.
گۆڕانی داری کریسمس
لە مانگی دێسەمبەری ساڵی ١٩٦٤دا، گۆڤاری تایم نیشانەکانی شێوازێکی نوێی داری کریسمسی ئاشکراکرد، کە “داری کریسمسی ساختە” و ماددەکەی پلاستیک بوو. دارە پلاستیکییەکان بە بەراورد بە دارە پلاستیکییەکانی پێشوویان، زۆر ڕاسەقینەتر دەردەکەوتن. بە پێی وتارەکەی تایمیش، کە بە ناونیشانی “قازانجی داری پلاستیکی” و لەو ساڵەدا بڵاوکرابوویەوە، داری پلاستیکی نزیکەی ٣٥٪ـی بزنسی داری کریمسی ئەمریکای پێکهێناوە، کە ١٥٥ ملیۆن دۆلار بووە.
هۆکاری بەکارهێنانی فراوانی داری کریسمسی ساختە زۆرن. یەکێک لەوانە گۆڕانی کەشوهەوایە کە کاری کردووەتە سەر گەشەی دارەکان، بەوپێیەی دارەکان پێویستیان بە حەوت بۆ ١٠ساڵە تا گەورە دەبن. هۆکارێکی دیکەش کەمبوونەوەی ژمارەی جووتیارانە، بەهۆی لاوازبوونی بازرگانییەکەوە.