سەرۆک ئەرکانی گشتیی ڕووسیا ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی هەڵدەسەنگێنێت

سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای ڕووسیا، جەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ، سێشەممە ١٧ی دیسەمبەری ٢٠١٩، لەگەڵ چاودێرە سەربازییە بیانییەکان لەسەر هەندێک پرس دوا، کە سەرنجی سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتانی جیهان ڕادەکێشێت، بەتایبەتیش چالاکییەکانی سوپای ڕووسیا لەمساڵدا.

سوپای ڕووسیا

جەنەڕاڵ گیراسیمۆڤ سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سوپا ڕووسیا بەرەوپێشچوونی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە لە ساڵی ٢٠١٩، بەوپێیەی سێ فەوجی هێزی مووشەکهاوێژی ستراتیجی، بە سیستمی مووشەکیی یارسی پێشکەوتوو پڕچەککراون، هەروەها سیستمێکی مووشەکیی نوێ بەرهەمهێنراوە بە ناوی سیستمی ئەڤانگارد، دەستیشکراوە بە بەکارهێنانی لێزەری بیریسفیت لە بەرگریی سیستمی مووشەکەکان لەکاتی گەڕانیان بەسەر وشکانیدا.

ڕووسیا گرنگی بە پڕچەککردنی هێزە دەریاییەکانی ژێرئاوگەڕ و کەشتی نوێ دەدات. هەروەها ڕووسیا دەست بە هێزە ئاسمانییە ئەتۆمییەکانییەوە دەگرێت، لەڕێی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی فڕۆکەی مووشەکهاوێژی “تو-160” و “تو-95MS” و دروستکردنی فڕۆکەی “تو-160M”.

لەپێناو پەرەدان بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و فەزایی، بەردەوامدەبێت لە پڕچەککردنی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بە سیستمی “S-400” و کاراکردنی ئەو ڕادارانەی ئەودیو مەوداکان ئاشکرادەکات.

لە بواری هێزە ئاسمانییەکانیش، بەردەوامدەبێت لە پڕچەککردنی فڕۆکەخانەکان بە هەڵفڕاندنی فڕۆکەی مووشەکهاوێژی کینجاڵ. لەمساڵیشدا هیزە ئاسمانییەکان ١٣٩ فڕۆکەی نوێیان وەرگرتووە. هەروەها ڕووسیا کار لەسەر تاقیکردنەوەی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی شەڕکەری “سو-57” دەکات.

سەرەڕای ئەوەی هێزە وشەکانییەکان و هێزە پەڕەشووتدارەکان بە ئازووقە و چەکی ورد پڕچەک دەکات.

سووریا

جەنەڕال گیراسیمۆڤ وتی، یارمەتیدانی حکوومەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی، یەکێکە لە ئەرکەکانی سوپای ڕووسیا.

قۆناغی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا جێبەجێکراوە. لە ئێستادا ئەرکی سەرەکی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانەیە کە لە دەستی تیرۆرستان ڕزگارکراون.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش بەردەوامە لە هاریکاریکردنی حکوومەتی سووریا، لە پرۆسەی گێڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرەکان بۆ ماڵوحاڵی خۆیان.
گیراسیمۆڤ، نیگەرانی خۆیشی لەهەمبەر سەختیی ئەو بارودۆخەی ئێستا دەربڕی کە سوورییەکان لە چادر و خێمەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی ئەمریکی پێیدا تێدەپەڕن.

سەرۆک ئەرکانی گشتیی ڕووسیا ئاماژەشی بەوەدا، “ئامادەیی ڕێگەپێنەدراوی (ناشەرعی) هێزە بیانییەکان، دەبێتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا. یەکەی هێزە ئەمریکییەکان دەستیان بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا گرتووە و پاڵپشتیی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت دەکەن بەشێوەیەکی ناشەرعی”.

هاوپەیمانیی ناتۆ

جەنەڕاڵ گیراسیمۆڤ ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی هەڵسەنگاند و وتی:

بە ڕای ئێمە، هیچ ئەگەرێکی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لەئارادا نییە.

لەهەمان کاتیشدا، بارودۆخی نێودەوڵەتی ناجێگیرە، دوودڵی و گرژییەکانیش باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاستدا کێشاوە، ئەویش بەهۆی دەستێوەردانی واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ئەو ناوچانە. بەرەوپێشچوون لە هەندێک وڵاتانی کیشوەری ئەمریکای باشووریشدا هەیە.

هاوپەیمانیی ناتۆ ڕاهێنانە سەربازییەکانی چڕکردووەتەوە، کە نیشانەی ئەوەیە هاوپەیمانییەکە وەک دوژمن لە ڕووسیا دەڕوانێت، چڕکردنەوەی ڕاهێنانە سەربازییەکانیشی بۆ ئەوەیە خۆی بۆ ململانێیەکی سەربازیی گەورە ئامادە دەکات.

تێچووی سەربازیی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بۆ ١٣٠ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە ٤٠٠ ملیار دۆلار.

ئەمریکاش لای خۆیەوە بەردەوامە لە بەرفراوانکردنی تۆڕی بەرگریی مووشەکی بۆ ئەورووپا. هەروەها ناتۆ چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی دەریای بەڵتیک و دەریای ڕەش چڕکردووەتەوە. لەهەمان کاتیشدا هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکان باسکردنی مەترسیی سەربازیی ڕووسیا چەندبارە دەکەنەوە.

پلانەکانی بونیاتنانی متمانە

لای خۆیەوە ڕووسیا بەردەوامە لە پلانەکانی پەرەدان بە متمانە لەڕێی زیادکردنی هاریکاریی لەگەڵ وڵاتانی جیهان. بۆ نموونە، سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە ڕاهێنانی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتانی بیانی، بەتایبەتیش چین و هیندستان و پاکستان و جەزائیر و میسڕ.

هەروەها ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە ڕێکخستنی یارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان و کۆنفرانسی سەربازیی نێودەوڵەتی (ئیرمیای) کە تێیدا پێشانگای چەک دەکەنەوە. ڕووسیا بەنیازە بانگهێشتنامە بۆ ١٣٣ وەزیری بەرگریی وڵاتانی جیهان بنێرێت، بەمەبەستی ئامادەبوون لە کۆنفرانسیی “ئیرمیا ٢٠٢٠”.

بابەتی پێشتر

ورگزلی نیشانەى ئەم نەخۆشیانەیە

بابەتی دواتر

مێژووی داری کریسمس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share