سەرچاوەكانی هەواڵی ئەفغانستان بڵاویانكردەوە، فڕۆكەخانەی كابول بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دادەخرێت تا ئەوانەی لەوێ كۆبوونەتەوە، دووردەخرێنەوە و دەبرێنە دەرەوەی ئەفغانستان، یاخود دەگەڕێنەوە ناو وڵاتەكە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێستا ناو فڕۆكەخانەی كابول هێندە قەرەباڵغە، ناچارن بەشێكیان فڕۆكەخانەكە چۆڵبكەن و بگەڕێنەوە ناو كابول، چونكە پسپۆڕانی سەربازیی ئەمریكا وتویانە، “داعش بەنیازە هێرشبكاتە سەر فڕۆكەخانەكە”.
بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە، ئاسانكاری دەكات بۆ دوورخستنەوەی خەڵك لە فڕۆكەخانەكە.
ئەمە لەكاتێكدا لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەوە بەناچاری تەقەكراوە بۆ بڵاوەپێكردنی گردبوونەوەكان، بەوهۆیەوە حەوت كەس كوژراون، دیار نییە سەرجەمیان بەهۆی تەقەوە بووە، یان پاڵەپەستۆ.
پێشتریش بەرپرسێكی ناتۆ ڕایگەیاندبوو، لانیكەم 17 كەس برینداربوون بەهۆی پاڵەپەستۆ و ئەو پاڵنانەی لە یەكێك لە دەروازەكانی فڕۆكەخانەی كابول ڕوویداوە.