وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا كوژرانی 7 مەدەنی ئەفغانی ڕادەگەیەنێت

“دۆخی مەیدانیی ئەفغانستان تائێستا دژوارە”

سوپای بەریتانیا ڕایگەیاند، حەوت هاوڵاتیی مەدەنی لەنێو ئەو كۆمەڵە خەڵكەی ڕوویان لە فڕۆكەخانەی كابول كردووە كوژراون، ئەوانە ئەو كەسانەن كە دەیانەوێت لە دەسەڵاتی تاڵیبان هەڵبێن.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا هاتووە، دۆخی مەیدانیی ئەفغانستان تائێستا دژوارە، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەخەنەگەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە بە سەقامگیری و ئاسایش ئەوەندەی لە توانادا هەبێت.

فڕۆكەخانەی كابول بووەتە ناوەندی هەزاران كەس كە دەیانەوێت لە دەسەڵات و قەڵەمڕەویی بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵبێن، پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لەماوەیەكی كەمدا زۆرینەی شارەكان و كابول-ی پایتەختی بێ هیچ ڕوبەڕوبوونەوەیەك گرتەدەست.

دوێنێش وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایانگەیاند، هێزەكانیان تەقەیان كردووە بۆ بڵاوەپێكردنی ئەو كەسە مەدەنییانەی لە فڕۆكەخانەی كابول كۆبوونەتەوە.

جۆن كێربی، وتەبێژ بەناوی پەنتاگۆن دانی بەوەدانا كە هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی كابول شەوی ڕابردوو تەقەی ئاگاداركردنەوەیان بەڕووی كۆمەڵێك كەسدا كردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبوونی قوربانی بكات.

لەكاتێكی پێشتریشدا بەرپرسێكی ناتۆ دوپاتیكردەوە لانیكەم 17 كەس برینداربوون بەهۆی پاڵەپەستۆ و ئەو پاڵنانەی لە یەكێك لە دەروازەكانی فڕۆكەخانەی كابول ڕوویداوە.

س: ئەسۆشیەتید پرێس

بابەتی پێشتر

دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیركران

بابەتی دواتر

ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە دەبێت کەی ڤاکسین وەربگرن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share