بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرە لە وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرایکرد، یەکەم کاروانی عومرەکارانی هەرێم بەرەو وڵاتی سعودییە بەرێکەوتوون، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو سونەتە ئاینییە.
هاوکات شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاندووە، ” ئەم کاروانە بە یەکەمین گەشتی عومرەکارانی کوردستان دادەنرێت دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ و ژمارەی عومرەکاران (94) کەسە و یەکەمین گەشتی عومرەیە دوای حەج، کە لە کوردستانەوە بەرەو سعوودیە گەشت بکەن”.
بەرێوەبەری گشتی حەج وعومرە وتوشیەتی، “بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف هەموو کارئاسانییەک دەکەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن بە ئاسانی گەشتی عومرە بکەن”.
ئەمساڵ ئەو کەسانەی دەیانویست حەج بکەن لە هەرێمی کوردستان ڕێگەیان نەدرا ئەو فەریزەیە بەجێبهێنن و سعودییە بەشێوەیەکی سنوردار حەجی ئەمساڵی بەڕێکرد، ئەویش بە کۆمەڵێک مەرجەوە، کە مەرجی سەرەکی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بوو لە جۆری فایزەر و مۆدێرنا و ئەسترازێنیکا.