گرانیی نان سلێمانیشی گرتەوە

لە هەولێریش داوای گرانكردنی دەكرێت

بەشێك لە نانەواخانەكانی سلێمانی نرخی نانیان گرانكرد و هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و سوتەمەنی دەگەڕێننەوە، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هۆكارەكەی بۆ بازاڕی دراوی جیهانی دەگەڕێنێتەوە و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵیش ڕێگاكانی چارەسەر باسدەكات.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەشێك لە خاوەن نانەواخانەكانی سلێمانی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و هۆشدارییاندا كە نرخی ئارد گران بووە و ئەگەر گرفتەكە چارەسەرنەكەن، ناچارن نرخی نان گران بكەن، ئەمڕۆ بەشێك لە نانەواخانەكانی سلێمانی نرخی شەش نانیان كرد بە هەزار دینار، لەكاتێكدا پێشتر هەشت نان بە هەزار دینار بوو.

یاسین محەمەد، خاوەنی یەكێك لە نانەواخانەكانی ناو بازاڕی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هۆكاری گرانبوونی نان، گرانبوونی ئارد و غازە.

وتیشی، بیست ڕۆژ لەمەوبەر مەترێك سێجا غازی بە 320 دینار كڕیوە، بەڵام نرخەكەی بووەتە 385 و باسیش لە بەرزبوونەوەی دەكرێت بۆ 425 دینار.

هاوكات فەردەیەك ئارد دوو هەفتە لەمەوبەر لەنێوان 32 بۆ 33 هەزار دیناردا بووە، بەڵام لەم هەفتەیەدا چووەتە 38 و 39 هەزار دینار و پێشبینیش دەكرێت تا چەند ڕۆژێكی دیكە هەر فەردەیەك بگاتە 43 هەزار دینار، وەك ئەوەی ئەو خاوەن نانەواخانەیە ئاماژەی پێدا.

گرانكردنی نرخی نان لەكاتێكدایە، پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردەوە نانەواخانەكان قەبارەی گونكیان كەمكردەوە، بەمەش دەبێتە دووەم جار كە نرخی نان و سەموون گران بكرێت.

هەر ئەمڕۆ لە هەولێر ژمارەیەك لە خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەكان گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم قائیمقامیەتی پارێزگای هەولێر ئەنجامدا و تیایدا داوای گرانبوونی نان و سەمونیان كرد.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە بۆرسەی جیهانی نرخی ئارد بەرزبووتەوە، بەهۆی ئەوەش كە هەرێم پشت بە توركیا و ئێران دەبەستێت لە دابینكردنی ئارد، لەو وڵاتانە نرخەكەیان گران بووە و ئەوەش هۆكاری ئەو گرانبوونەی نرخی ئاردە لە هەرێم.

لەبارەی هەنگاوەكانی چارەسەر، سۆران عەبدولغەفور وتی، “لیژنەكانیان گەڕان و پشكنین دەكەن، هەر نانەواخانەیەك نانی گران كردبێت سزایان دەدەن”.

دەربارەی ئەوەی نان بۆچی گران بووە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی كوردستان چەند هۆكارێكی دیاریكردووە و دەڵێت، “ئەو ئاردەی کە دەکرێتە نان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، ئەو گەنمەی لە ناوخۆدا دەکرێتە ئارد، بۆ نان گونجاونیە، ئەوەش نەزانیی حکومەتە کە تائێستا نەیتوانیوە جوتیارانی خۆمان ناچاربکات کە لەبری گەنمی زبر (خشن) کە زیاتر بۆ ئالیک و عەلەف بەکاردەهێنرێت، گەنمی نەرم (ناعم) بچێنن”.

“بەهۆی وشکەساڵییەوە هەر تۆنێک گەنم لە ڕوسیا (30) دۆلار گرانتر بووە، بە ڕێگەی تورکیادا ئەو ئاردە دێتە هەرێم، لە تورکیا (غازی عەنتاب) بۆ هەر تۆنێک (15) دۆلاری دیکەی دەخەنەسەر، پێش ئەوەی بگاتە ناو هەرێمی کوردستان هەر تۆنێک (45) دۆلاری چووەسەر، ئەو ئاردەی پێیدەوترێت (بایەعی) لەئێستادا و بە بەراورد بە پێشتر بڕی (250) هەزار دینار چۆتەسەر نرخی هەر تۆنێک ئارد”، وەك ئەوەی عەبدولستار مەجید ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، “لە پێشوودا باج یان گومرگی سەر یەک تۆن ئارد تەنها چوار دۆلار بووە، ئێستا بۆ هەر تۆنێک حکومەتی هەرێم (34) دۆلاری خستۆتەسەر، هەروەها لە پێشوودا بۆ پشکنینی بارهەڵگرەکان تەنها (15) دۆلار وەردەگیرا، ئەگەر بازرگانێک بیست بارهەڵگر ئاردیشی بهێنایە هەر ئەو پازدە دۆلارەی لێوەردەگیرا، ئێستا حکومەتی هەرێم ئەو پازدە دۆلارەی زیادکردووە بۆ (100) دۆلار، ئەگەر بازرگانێک پەنجا بارهەڵگر ئاردیش هاوردە بکات دەبێت پەنجا (100) دۆلاری بدات”.

عەبدولستار مەجید، كە پێشتر وەزیری كشتوكاڵ بوو لە حكومەتی هەرێم، دەربارەی چارەسەرەكانیش چەند هەنگاوێكی دیاریكردووە و دەڵێت، “قۆرغکاریی لەسەر هاوردەی ئارد هەڵبگیرێت، دەرفەتی یەکسان بدرێت بە هەموو کارگەکانی دروستکردنی ئارد بۆ هاوردنی گەنم و ئاردی گونجاو، کەمکردنەوە یان هەڵگرتنی باج لەسەر ئەو ئاردەی بۆ دروستکردنی نان و سەموون لە دەرەوە هاوردە دەکرێت”.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “دابینکردنی سوتەمەنی بۆ نانەوا و سەمونخانەکان وەک پاڵپشتی کە لە پێشوودا هەبووە و ئێستا حکومەتی هەرێم ئەوەشی بڕیوە، هەروەها هاندان و پاڵپشتی جوتیاران بۆ چاندنی گەنمی (ناعم) لەبری ئەو گەنمەی ئێستا دەچێندرێت و جۆرەکەی (خشن)ـە و بۆ نان دەستنادات.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی: یەك ملیۆن ڤاكسینمان دابینكردووە، نۆرەی ئێوەیە خۆتان ڤاكسین بكەن

بابەتی دواتر

سیستمەكە دیموكراسیی ڕۆژئاوایی نابێت.. مەلا بەرادەر گفتوگۆکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share