ئەدهەم بارزانی پێچەوانەی تیمی پارتی لە حكومەت قسە لەسەر كۆچبەران دەكات

ئەدھەم بارزانی هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر تاكی كورد ئاشتنەكرێتەوە و جیاوازیی نێوان پلەدار و بەرپرسان لەگەڵ هەژاراندا بەردەوام بێت، دواڕۆژێكی نەخوازراو چاوەڕێی هەمووان دەكات.

ئەدھەم بارزانی لەبارەی كۆچبەرانەوە پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە، قسەی لەسەر دۆخی كۆچبەرانی كوردستانی لە سنوورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا كردووە، دەڵێت، دیمەنە تراژیدییەكان و كۆچبەربوونی هەزاران هاوڵاتیی كورد و مانەوەیان لە دارستانە سارد و قوڕاوییەكان، هەروەها بێبەزەیی و بێباكیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، “لە ناخەوە نیگەران و خەمباریان کردم”.

بەرپرسەكەی پێشووی پارتی نووسیویەتی، “بەهەموو بڕوامەوە لەگەڵ ئەوەدام دەبێت لاوانی کوردستان، کەشێکی ئابوری و ژیانێکی شایستە و سەربەرزانەی وایان بۆ دەستەبەر بکرێت، کە بە بڕوا و لەخۆبووردنەوە هەموو زانست و ئەزموون و وزەی تەمەنیان، بخەنە خزمەتی ئاوەدانی و پێشخستنی کوردستان، دوارۆژی خۆ و نەوەکانی داهاتوویان لەسەر ئەم ئاو و خاکە بونیادبنێن”.

ئەدھەم بارزانی ڕەچاوكردنی “پلانی ڕاست و سازوکارێکی دادپەروەرانە” بە گرنگ دەزانێت بۆئەوەی جیاوازیی نێوان پلەدار و بەرپرس و دەوڵەتمەند و بێدرامەت و ھەژار و بێدەسەڵاتەکاندا نەمێنێت، “ڕێز لە کەسایەتیی ھەر تاکێکی ئەم وڵاتە بەبێ جیاوازیی بیروڕا بگیرێت”.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی بارزانی دەڵێت، “تاکی کورد بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، جارێکی دیکە لەگەڵ مێژوو و سەروەری و ژیانی ئەم وڵاتە ئاشتببێتەوە و نیشتمانی خۆی لە هەموو جیهان و سەرزەمین و وڵاتی دیکە لەلا خۆشتر و ئارامتر و شیرینتر بێت”، هۆشداری دەدات لەوەی “بە پێچەوانەوە دواڕۆژێکی نەخوازراو چاوەڕوانی ھەموومانە”.

قسە و هەڵوێستی ئەدهەم بارزانی لەبارەی كۆچبەرانەوە جیاوازە لەگەڵ قسەی بەشێك لە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو حكومەت و هەروەها بەشێك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسە حزبییەكانیان.

بابەتی پێشتر

لوتكەی گلاسكۆ لە بەردەم چەند كاتژمێرێكی یەكلاكەرەوەدایە

بابەتی دواتر

بیلاڕوسیا دوو هەزار کۆچبەری گەڕاندەوە و دەیان كۆمپانیای گەشتیاریی بێمۆڵەتكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمڕۆش هاوینە

بەپێی ئەو پێوەرە زانستی و جوگرافییەی دانراوە، سبەی دیاردەی “هاوسەنگبوونی پایزە Autumn Equinox لەنیوەگۆی باكووری زەویدا ڕوودەدات، ئەوەش…
Total
3
Share