ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) ئاشکرایکرد، هەسارۆچکەی پینۆ لە ساڵی 2135دا بەتەواوی لە زەوی نزیکدەبێتەوە، بەجۆرێک دوورییەکەی کەمتر دەبێت لە نیوەی دووریی نێوان هەسارەکەمان و مانگ، بەرکەوتنیشی بە زەوی لەساڵی 2300دا دەبێت.
هەسارۆچکەی پینۆ لەساڵی 1999 لەلایەن ئاژانسی ناسای ئەمریکییەوە دۆزرایەوە، یەکێکە لە ناسراوترین هەسارۆچکەکانی کۆمەڵەی خۆر کە مەترسیی لەسەر هەسارەی زەوی دروستکردووە.
ئاسمانگەڕی ئەوزیریس ڕیکس، کە لەلایەن ئاژانسی ناساوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا ماوەی دوو ساڵ لە خولگەی ئەو هەسارۆچکەیەدا زانیارییەکانی سەبارەت بە پینۆ کۆدەکاتەوە و بڕیارە لە ساڵی 2023دا بە نمونە کۆکراوەکانی سەر هەسارۆچکەکەوە بگاتەوە سەر زەوی.
ئەرکی توێژینەوەکان لەبارەی هەسارۆچکەکەوە دیاریکردنی گۆڕانکاری لە ئاراستەی جوڵە و خولگەی ئەو هەسارۆچکەیەدا دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا زانایان باس لەوەدەکەن ڕێژەی ئەگەری بەرکەوتنی هەسارۆچکەکە بە زەوی 0.057% تێناپەڕێنێت.
داڤید ڤارنۆکیا توێژەر لە سەنتەری Near Earth Object Studies ڕایگەیاند، “کۆتا قسە ئەوەیە، “هەسارۆچکەی پینۆ لەسەر خولگەکەی ئێمە نییە، بۆیە پێویست بە نیگەرانی ناکات”.
لە مانگی ئەیلولی 2135دا هەسارۆچکەی پینۆ نزیکدەبێتەوە بۆ خاڵێکی زۆر نزیک لە زەوی، ئەمە ئەو ئەگەرە زیاتر دەکات کە هەسارۆچکەکە “چاڵی کلیلی ڕاکێشانی زەوی” تێپەڕێنێت، چونکە ئەو خاڵەی هەسارۆچکەکە پێیدەگات دەتوانێت خولگەکەی بگۆڕێت بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوییەوە، بەمەش مەترسیی بەرکەوتنی بەزەوی لە داهاتوودا زیاتر دەکات.
بەپێی داتاکانی کەشتیی ئەوزیریس ڕیکس، ئەگەری هەیە پینۆ لە ساڵی 2135دا کە بەتەواوی لە زەوی نزیکدەبێتەوە 26 “چاڵی کلیل”ی بێتە ڕێگا، کە ئەو چاڵانە بە کلیلی کێشکردنی زەوی ناسراون.
ئەو لێکدانەوانەی زانایانی گەردوونناسی بۆ داتاکانی کەشتییەکە کردوویانە دەڵێن، ئەگەری هەیە هەسارۆچکەکە 24 لەو چاڵانە تێپەڕێنێت و تەنها دووانیان بمێنێتەوە.
زانایانی ناسا دەڵێن زۆرترین ئەگەری بەرکەوتنی پینۆ بە زەوی لە ساڵی 2182دا دەبێت، ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەو زیانەی دەیگەیەنێت 10 بۆ 20 جار زیاتر دەبێت لە قەبارەی هەسارۆچکەکە خۆی، لەکاتێکدا نیوەتیرەی پینۆ خۆی لەنێوان 5 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت.